نەوت و ئەمنییەتی هەرێم، هۆكاری بردنەوەی یارییە سیاسییەكەی عێراقن

هەولێر-KDP.info- بەپێی لێكدانەوەی ناوەندە جیهانییەكان، كورد براوەی یاریی سیاسیی عێراقە، بە تایبەت لە بەدەستهێنانی سەربەخۆییی ئابوورییدا، هاوكات پسپۆڕ لە گرێبەستە نەوتییەكان (د. زاهیر مەجید) رایدەگەیەنێت كە، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و نەوت، هۆكاری بردنەوەی یارییە سیاسییەكەن.
دەوڵەتی عێراق، لە سەردەمی ویلایەتی دووەمی (مالیكی)ـدا كەوتە قەیرانی سیاسیی قووڵ و، سەرەنجام لە 2014-دا كاریگەرییەكانی بەسەر دەوڵەتی عێراقدا بە دیار كەوتن. بەڵام لە بری ئەوەی عێراق كێشەكانی چارە بكات، لە سەردەمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (مالیكی)-دا، بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان راگیران.
بەپێی لێكدانەوەی هەندێ لە ناوەندی سیاسیی عێراق، بڕینی بودجەی هەرێم، تاقیكردنەوەی كارتی گوشاری بەغدا بوو، تا بەو هۆیەوە بەربەستی ئابووری بۆ هەولێر دروست بكەن. هەڵبەت بەكارهێنانی سوپای عێراق، بە مەبەستی بڕیاری تاكڕۆیی و هەندێ جاریش جووڵاندنی سوپا بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كارتێكی دیكەی بەغدا بوو بۆ كەمكردنەوەی نفوزی سیاسیی كورد لە ناوچەكەدا. ئەم سیاسەتە، (مالیكی)ـی خستە قەیران و سەرنجام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا، بە هۆی پێداگریی كوردەوە، كۆتایی بە حوكمڕانیی هات.
لە ئێستادا عەرەبەكان ددان بە شكستی ئەم سیاسەتی دەوڵەتی عێراقدا دەنێن كە، بەرانبەر كوردی پێڕۆ كرد و دەڵێن، لە یارییەكەدا كورد براوەی سیاسیی عێراق بوو.
بنكەی عەرەب بۆ توێژینەوە و بەدواداچوونی سیاسەت، لێكۆَڵینەوەیەكی لە بابەت سیاسەتی عێراق دەرهەق بە كورد كردووە و تێیدا ئاماژەی روون دراوە، بە هۆی سیاسەتی تاكڕۆیی (مالیكی) و دەوڵەتی عێراق، هەرێمی كوردستان توانی سوود لە نەوت و سامانە سرووشتییەكانی وەربگرێت و بە رێگەی توركیایش كە، نەوت دەگوازرێتەوە بەندەركان، نەوتی كورد شەرعییەتی جیهانیی وەرگرت. ئەمەیش وای كردووە كە، هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا سەربەخۆییی ئابووری رابگەیەنێت.
دكتۆرا لە گرێبەستە نەوتییەكان (د. زاهیر مەجید)، هاوڕایە لەگەڵ سەرنجی بنكەی عەرەب بۆ توێژینەوە و بەدواداچوونی سیاسەت و، بۆ KDP.info دەڵێت، "هەمان بۆچوونی ئەم ناوەندەم هەیە، بواری ئابووری بنچینەی دروستبوونی سەربەخۆیی و دەوڵەتە، ئەمە رۆڵێكی گرینگ دەبینێ، هاوشانی سەبەرخۆیی ئابووری، بابەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییش رۆڵ دەگێڕێ، پێویستە هەرێمی كوردستان، زێتر گەرەنتیی كۆمپانیاكانی نەوت دەستەبەر بكات، چونكە ئەم كۆمپانیایانە گەرەنتیی یاسایی و سەقامگیرییان دەوێ، سەقامگیریی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، نەوت، لەگەڵ پەیوەندیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەمانە خاڵی بەهێزی هەرێمی كوردستانن كە، كورد لە یارییە سیاسییەكەی بەغدا براوە بێت و بەرەو بردنەوەیش هەنگاو بنێت".
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە بۆ میدیاكان ئاشكرایان كردووە، كورد لە كۆتاییی ئەمساڵدا لە توانایدایە زیاتر لە 450 هەزار هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردەی دەرەوە بكات و دەیشتوانرێت كە، پێویستییەكانی بە پارەی نەوت دابین بكات. ئەگەرچی لە ئێستادا هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 7 ملیار دۆلاری قەرز كردووە و بڕیاریشە قەرزی نێودەوڵەتی بكات، بەڵام لەبەر سیاسەتی سەركەوتووی نەوت، هەرێم ناچێتە ژێر باڵی قەیرانی ئابووری و لە داهاتوودا بەسەر ئەم بوارەدا سەر دەكەوێت.
پسپۆڕی گرێبەستە نەوتییەكان (د. زاهیر مەجید) ئاماژەی دا، "لە رووی ئابوورییەوە سەختە یەكڕاست ئێمە لە ماوەی مانگێك و دوو مانگدا بگەینە سەربەخۆییی ئابووری، یان سەختە ئەگەر رێژەی هەناردەی نەوت گەییشتە 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بڵێین سەربەخۆییی ئابووری بە دەست هێنراوە، چونكە حكوومەت قەرزداری خەڵكە و پارەیشی قەرز كردووە و پێویستی بە پڕۆژەیە، بە دوو مانگ سەرجەم ئەم كێشانە چارە نابن، چونكە بەربەست دێتە پێشەوە، بەربەستی نێوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵام تێكۆشان بۆ هیوا و ئامانجی گەورەی كورد كە سەربەخۆییی ئابوورییە، قوربانیدان و ئارامیی دەوێ و، زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش بەم قۆناخەدا رۆییشتوون، بەڵام زێتركردنی هەناردەی نەوت بۆ چارەكردنی مووچەی فەرمانبەران زۆر گرینگە و قەرزەكانی پێ دەدرێتەوە، تا وای لێ دێ، بگەین بە سەربەخۆییی ئابووری".
ئەو پسپۆڕەی گرێبەستە نەوتییەكان، گەشبینیی خۆی بە سەركەوتنی هەرێم لە داهاتوودا پێشان دا، بە تایبەت لە بواری سەربەخۆییی ئابووریدا و زێتر گوتی، "بەپێی دەستووری عێراق، هەرێم دەتوانێت هەنگاو بۆ سەربەخۆیی ئابووری بنێت، وەك دەزانین ئابووری، یەكێكە لە رەگەزە سەرەكییەكانی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی".
شاو کوردی




