هێمن هەورامی: پێشمەرگە بەرەو کۆبانی بەڕێ کەوتن

هەولێر-KDP.info- دەیان لە ئەو پێشمەرگە ئامادەیەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، شوێنەکانی خۆیان بەرەو چوون بە کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان جێ هێشت، کە هێزێکی پشتیوانییە و چەکی نیمچەقورسیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان(هێمن هەورامی)، لە تویتێکیدا، لە پێگەی تایبەتیی لە تویتەر ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، هێزێکی پێشمەرگە لە ڕێی ئاسمانییەوە و لە هەولێرەوە بەرەو سلۆپیی تورکیا بەڕێ دەکەوێ، لەوێیشەوە بە ڕێی زەوینی بەرەو شاری کۆبانی ڕێدەبڕن.
بەرلە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە(هەڵگورد حیکمەت)، بۆ KDP.info، گوتی، "هەڵوێستی تورکیا لە ڕەزامەندی چوونی پێشمەرگە بە خاکەکەیدا بۆ کۆبانی ئەرێنییە، ئەوان ئامادەی هاوکارین، لە بەرانبەردا هەڵوێستی پەیەدەیش لە پێشوازیی هیزەکانمان بۆ هاوکاری براکانیان لە کۆبانی، ئەرێنییە."
زیاتر گوتی، "دوو رێگە هەن.. یان لە ڕێی زەوینی یاخوود ئاسمانییەوەیە." ئەو بێئەوەی ئەوە ئاشکرا بکات کە بە کام ڕێگایەدا دەڕۆن، بەڵام هێندەی گوت کە لەگەڵ خۆیاندا چەکی قورس دەبەن.
(حیکمەت) دەربارەی چەکەکانیش بە تۆڕی مێدیای سی ئێن ئێنیشی ڕاگەیاندووە، "چەکەکان تایبەت هیی پێشمەرگەن و هیی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی نین."
سەرچاوەیەکی ئەمنییش بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتووە، ئەو هێزەی پێشمەرگە و پێداویستییە سەربازییەکانیان، لە ڕێگەی ئاسمانی و زەوینییەوە، دەگەنە کۆبانی، ئەو جەختیشی کردووەتەوە کە، چەکەکان لە ڕێی زەوینی و پێشمەرگەیش لە ڕێی ئاسمانییەوە دەگەیەنرێنە تورکیا و دواتر بۆ کۆبانی.
زریان زیاد




