٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ناڕەزایەتیی دوێنێی قوتابیان، بە نامەدەنی و هاندراو تۆمەتبار دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، بێ ئەوەی ناوی لایەن یان گرووپێک ببات، لەبەرانبەر داواکاری و ناڕەزایەتیی قوتابیاندا دەڵێت، "وەزارەت بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر گوشاری هەر لایەک یان گرووپێک، كه‌ بیه‌وێ به ‌شێوه‌یه‌كی نامه‌ده‌نیانه‌ داواکارییەکانیان بسه‌پێنن."

دوێنێ دووشه‌ممه‌، ژمارەیەک قوتابی لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی کۆبوونەوەیەکیان ڕێك خست، کە دوو داواکارییان هەبوو، یەکەمیان سەبارەت بە وانەی پەڕینەوە (عبور) بوو، كه‌ داوایان ده‌كرد وانه‌ی په‌ڕێنه‌وه‌ لە یەک وانە بۆ دوو وانەى ساڵانه‌ زیاد بكری، له ‌هه‌مان كاتدا ئه‌وان ناڕەزاییان هه‌بوو سەبارەت بە ده‌نگۆی بەرزکردنەوەی نرخی كرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان.
له‌ ڕوونکردنەوەیەکیاندا کە وێنەیەکی بۆ KDP.info نێردراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایدەگەیەنێت کە ڕەزامەندی لەسەر زیادکردنی وانەی پەڕێنەوە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزارەتە، ئه‌و داوایه‌ش لەمەوپێش خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزارەت، كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌موو زانكۆكانی كوردستان، بەڵام بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە.

زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، "سەبارەت بە زیادکردنی نرخی كرێی خوێندن بە هیچ شێوەیەک لە هیچ زانکۆیەک نرخ زیاد نەکراوە هەر چەندە زانکۆ تایبەتەکان پێشنیازیان کردبوو. بەڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخە ئەو قوتابیانە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەت بکەن، تەماتە و هێڵکە و به‌ردبارانی وەزارەتیان کرد، لە ئەنجام دا زەرەر و زیانیان بە باڵاخانەی وەزارەت گه‌یاند."

وەزارەتی خوێندنی باڵا، هاوکات نیگەرانیی خۆی لەو کارە ڕادەگەیەنێت کە لەو ساتە وەختەدا کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت قوتابیان زەرەر و زیان لە ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی حکوومەت دەدەن، کە لە دوائەنجام ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى هاووڵاتیانە و بۆ خزمەتی ئەوانە.

لە ڕوونکردنەکەدا هەروەها ئاماژە دراوە "لێپرسراوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی بەوپەڕی بەرپرسیارێتەوە ڕەچاوی ئەو هەل و مەرجەی کوردستانی کردووە و لە داهاتووش دەیکات و، بەردەوام لە هەوڵی ئاسانکاریدایە بۆ قوتابیان/ خوێندکارانی خۆشەویست"، وەزارەت بێئەوی ناوی لایەنێک یان گرووپێک ببات، بۆ رابردووی ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکانی قوتابیان و خوێندکاران دەگەڕێتەوە و ڕایدەگەیەنێ، "ئەمە یەکەم جار نییە وەزارەته‌كه‌مان بەردباران دەکرێت، بۆیە  ئێستایش ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک بچێتە ژێر گوشاری هەر لایەک یان گرووپێک، كه‌ بیه‌وێ به ‌شێوه‌یه‌كی نامه‌ده‌نیانه‌ داواکارییەکانیان بسه‌پێنن، بەڵکو وەزارەت تەنیا ئەو داواکاریانە بە ڕەوا دەزانیت و جێبەجێیان دەکات کە لە بەرژەوەندیی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کوالیتیی خوێندن و به‌رژه‌وه‌ندیی كۆیی خوێندكاران و قوتابیاندا دابێت."

وەزارەتی خوێندنی باڵا هیوایش دەخوازێ کە "لەمەودوا ئەگەر هەر داوکارییەک هەبێت بە شێوەیەکی مەدەنیانە پێشەکەش بە بەرپرسانی وەزارەت بکرێت بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکمان چارەسەری گونجاو بۆ داواكارییه‌كان بدۆزینەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار