موسلیم دەربارەی دواکەوتنی پێشمەرگە تورکیا تۆمەتبار دەکا، تورکیایش دەڵێ، تەنیا وردەکاریی ماوە

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دیموکرات(پەیەدە)، ئەمڕۆ دووشەممە، تورکیای بە دەستاودەستکردن بەو ڕێککەوتنەوەوە تۆمەتبار دەکات، کە پێوەستە بە ڕێدان بە چوونی پێشمەرگە بۆ هاوکاریکردنی بەرگریکارانی کۆبانی بە خاکی تورکیادا.
(ساڵح موسلیم) بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، سێ ڕۆژە پێشمەرگە ئامادەن بچنە کۆبانی و بەرگریی لە کۆبانی بکەن، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، "نازانین چ لە نێوان ئەوان و تورکیادا ڕوو دەدات.. دواکەوتنیشیان هۆکارەکەی تورکیایە."
هاوکات بەرپرسێکی تورکیایی کە نەیویستووە ناوی ببرێت رایگەیاندووە، لایەنە پێوەندیدارەکان بەو پرسی ڕێگەدان بە چوون و تێپەڕبوونی پێـشمەرگە، هێشتا بە دوای وردەکاریی ڕێککەوتنەکەوەن.
زیاتر گوتی، "تورکیا بەشێکی ئەو گفتوگۆیانەیە. وەک بنەما، گوتوومانە پێشمەرگە تێبپەڕێ.. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا وردەکارییە.. لەبەر ئەوە لۆژیکی نییە بگوترێ ڕێ بە تێپەڕبوونیان نادەین."
هەفتەی ڕابرد، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، پەرلەمانی کوردستان ڕەوانەکردنی هێزی پێشمەرگەی بۆ بەرگریکردن لە کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان بە کۆی دەنگی ئەندامانی پەسند کرد، تا هاوشانی بەرگریکاران بەرەوڕووی داعش ببنەوە.
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمیش جەختیان کردووەتەوە کە، هێزەکەی پێشمەرگە، کە بە چەکی نیمچەقورسەوە ساز دراون، وەک هێزی پشتیوانی دەچنە کۆبانی و ڕاستەوخۆ ناکەونە جەنگی داعشەوە.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا، (موسلیم) جەخت دەکاتەوە، "دەبوایە دوێنێ گەییشتبان. هێشتا تورکیا کارەکە قورس دەکات. بە دروستی نازانین چ ڕوو دەدات، چونکە لە نێوان پێشمەرگە و تورکیادا، بۆ دەربازبوون بە خاکی ئەو وڵاتەدا جۆرێک لە ڕێککەوتن هەیە."
زریان زیاد




