وەزارەتی پەروەردە چاپ و بڵاوكردنەوەی مەلزەمەی قەدەخە كرد

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، "چاپ و بڵاوكردنەوەی مەلزەمە قەدەخە كراوە و داوایش لە سەرجەم قوتابیان لە هەموو قۆناخەكانی خوێندن دەكەین، خۆیان بە مەلزەمەوە سەرقاڵ نەكەن، چونكە زەرەرمەند دەبن و گرینگی بە ناوەڕۆكی پەرتووك بدەن باشترە".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "هەر مامۆستایەك جەخت لە كڕینی مەلزەمە بكاتەوە، دەتوانن بۆ سكاڵاكردن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن، بە نووسراوی فەرمییش داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەكەین ئاگاداری دەستگاكانی چاپ و میدیاكان بكەن لە قەدەخەكردنی رێكلام و چاپكردنی مەلزەمە".
سەبارەت بە كڕین و فرۆشتنی پەرتووكیش لە بازاڕدا، (مەولەوی زادە) گوتی، "بە نوسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین هاوكارمان بن بۆ لێپرسینەوە و مامەڵەكردن بە گوێرەی یاسا لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە پەرتووكیان بۆ بازاڕ دزە پێ كردووە".
بڵند ئیبراهیم




