سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت دەزگاکان ملکەچی چاودێریی دارایی بن، بە پەرلەمانی کوردستانیشەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان(یووسف محەممەد سادق) دەڵێت: "دەبێت کۆی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە پەرلەمانی کوردستانیشەوە ملکچی چاودێریی دارایی بن"، دەشڵێت "نابێت چاودێریی داراییش، سازش لەسەر هیچ کەیسێکی گەندەڵی بکات، بۆ ئەوەی ماڵی گشتی بە هەدەر نەدرێت."
ئەم گوتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی سەردانێکیدا هات، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، بە یاوەریی جێگری سەرۆکی پەرلەمان(جەعفەر ئێمینکی) و سکرتێری پەرلەمان(فەخرەددین قادر) و شاندێک لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی سەردانی دیوانی چاودێریی داراییان کرد و، لەلایەن سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی(خالید هادی چاوشلی) و بەڕێوبەرانی گشتیی دیوانی دارایی پێشوازی کران.
لە سەرەتای دانیشنەکەدا، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی باسێکی خێرایی کار و چالاکییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی کرد و ئاماژەی دا کە، بە بێ جیاوازی سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخەنە ژێر وردبینییەوە و، گوتیشی کە سازش لە هیچ کەموکورتی و بە فیڕۆدانێکی سەروەت و سامانی وڵات ناکەن.
دواتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەستخۆشی لە کارەکانی دیوانی چاودێریی دارایی کرد و گوتی: "دیوانی چاودێریی دارایی شەریکێکی راستەقینەی پەرلەمانی کوردستانە لە چاودێریکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەموو دەزگاکانیش دەبێت ملکەچی چاودێریی دارایی بن، بە پەرلەمانی کوردستانیشەوە، داوا دەکەین وردبینی هەمو حسابات و خەرجی پەرلەمانی کوردستانیش بکەن، بۆ ئەوەی شەفافییەت لەکارەکانی هەمو لایەکدا هەبێت."
لەبارەی پرسی بەدوداچوونی کێشە داراییەکان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێوە ئێستا لە سەرەتای کاردان، ئێمە و هاووڵاتیانیش چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکەین کارەکانتان بە باشی جێبەجی بکەن و چاودێریی ورد و بەدواداچوون بۆ هەمو پرسە داراییەکان هەرێمی کوردستان بکەن."




