٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریكا، بریتی لە ناوچەکەدا دۆزییەوە.. كورد، هاوپەیمانە نوێیەكەی ئەمەریكا و ناتۆیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- توێژەرە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوین دەڵێن، ناتۆ هاوپەیمانی نوێ لە ناوچەكەدا دەدۆزێتەوە، هاوكات دكتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان (د. جووتیار عادل)، رایدەگەیەنێت، "ئەمەریكا دوای لێدوانەكەی (ئۆباما) كە، هەولێری بۆ بەرژەوەندیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە گرینگ ناو برد، لەو باوەڕەدایە، تاكە هاوپەیمانێك لە ناوچەكە هەیبێت، كوردە".

كورد، هاوپەیمانی ئەمەریكایە

رۆڵی نەرێنیی توركیا لە هەمبەر ئەمەریكا، دەرفەتی هاوپەیمانەتیی كوردی لەگەڵ ئەمەریكادا پتر رەخساندووە، چونكە لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا بۆ جاری دوومە، توركیا بە هۆی هاوڕانەبوونی لەگەڵ ئەمەریكا، بەرانبەر رژێمی پێشووی عێراق و ئێستای داعش، ئەمەریكا نیگەران دەكات، هەڵبەت لە جەنگی دژ بە عێراق (2003)، ئەمەریكا داوای لە توركیا كرد، خاكەكەی بۆ هێرشكردنەسەر رژێمی پێشووی (سەددام) بەكار بهێنرێت، بەڵام توركیا، رەتی كردەوە و لە ئێستایشدا لە جەنگی دژ بە داعش، جارێكی دی، ئەمەریكا داوای بەشداریی توركیای بۆ ئەم جەنگە كرد، بەڵام دووبارە توركیا رەتی كردەوە.
دكتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، (د. جووتیار عادل)، بۆ  KDP.info، دەڵێت، "دوای ئەوەی داعش مووسڵی داگیر كرد و، هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان برد، هەڵوێستی (باراك ئۆباما) بۆ هەموو جیهان، مەسجێكی زۆر گرینگ بوو، بە تایبەت كە رایگەیاند، هەولێر بەشێكە لە بەرژەوەندییە گرینگەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، مەبەستی لە هەولێر كورد بوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناویندا، تەنیا ئیسڕائیل هاوپەیمان و هاوبەشی راستەقینەی ئەمەریكایە، توركیا، لە دوای 2003، سیاسەتی دەرەوەی گۆڕا و بە مەرج لەگەڵ ئەمەریكا رەفتار دەكات، بە تایبەت لە ساتەوەختی هێرشی ئەمەریكا بۆ ئازادكردنی عێراق لە 2003، رێگەی نەدا خاكەكەی بەكار بهێنرێت، جۆرێك رێگری لە ئەمەریكا كرد بنكەی ئینجەرلیك بەكار بهێنێت".
ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەشڵێت، "ئێران لەلایەكی دی، لەگەڵ ئەمەریكا كێشەی دۆسییەی ئەتۆمی هەیە، ئەمەریكا دوای قسەكانی (ئۆباما) لەسەر هەولێر، گەییشتووەتە ئەو باوەڕەی كە، تاكە هاوپەیمانێك لە ناوچەكە هەیبێت، كوردە". هاوكات، بە چەند بەڵگەیەك ئەمە دەسەلمێنێت كە ئەمەریكا، ئەو بەرگرییەی لە هەولێر و هەرێمی كوردستانی كرد، لە هیچ شارێكی دی عێراقی نەكردووە كە پێشتر داعش بۆ سەر شارەكانی دی عێراق، هەڕەشە بوون و كۆمەڵێك لە شار و شارۆچكەی لێ داگیر كردن، بەڵام ئەمەریكا هیچ بەرپەرچێكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی بۆ عێراق نەبوو.

ناتۆ، هەولێر دەكاتە بریتی توركیا؟
ناتۆ، هاوپەیمانەتییەكی ساڵی 1949ـی واژۆكراوی واشنتنە. بارەگای ئەم هاوپەیمانەتییە لە برۆكسلە و كۆمەڵێك وڵاتی جیهانی تێیدا ئەندامن، مەبەستی سەرەكییان پاراستنی ئەم وڵاتانەیە كە تووشی قەیرانی جەنگ دەبن، یان لە كاتی پەیوەست بە بڕیاردانی سەربازی، بەیەكەوە هاوپەیمانەكان كۆمەكی سەربازیی یەكتر دەكەن. وەك دەزانرێت، ناتۆ لە ژێر بڕیاری سیاسیی ئەمەریكا، گورزی سەربازی دەوەشێنێت. لە ئێستادا مشتومڕێكی زۆر لەنێو ناتۆدا هەیە كە، پێویستە هەنگاو بۆ گۆڕانكاریی ریشەی لە رۆژهەڵاتی ناوین بنرێت و چەند ئەندامێكی نوێ بخرێنە ریزی ناتۆوە.

ناوەندی قاهیرە بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی هەرێمایەتی، لە توێژینەوەیەكدا دەنووسێت، "لە رۆژهەڵاتی ناویندا، هاوپەیمانی نوێی ناتۆ بە دیار دەكەوێت". بە بۆچوونی راوێژكارێكی باڵای ئەو ناوەندە (د. قەدری سەعید)، "ناتۆ بە دوای هاوپەیمانی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا دەگەڕێت، هاوكات خەسڵەتی پێشوەختەی ئەم هاوپەیمانەتییە بریتین لە راهێنانی سەربازی، هاوكاریی هەواڵگری و جیۆگرافیای ناوچەكە، كردنەوەی بنكەی سەربازی و ناردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان". سەرجەم ئەم خەسڵەتانە، لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە گونجاو بێت بۆ هاوپەیمانە نوێیەكەی ناتۆ. ئەمەریكا بە زوویی لە هەولێر بنكەیەكی سەربازیی كردەوە، وەك لە پێنتاگۆن (بنكەی سەرەكیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا) راگەیەندرا، "لە هەولێر ناوەندێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە، هەندێك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چەكی یەدەگمان لەوێ داناون، هەولێر گرینگە".
ئەمەریكا، لە بایەخی جیۆگرافیای هەرێمی كوردستان گەییشتووە. چەند وڵاتێكی وەك میسر، سعوودیە و ئوردن، پرسیار لە خۆیان دەكەن، كە ئایا هاوپەیمانە نوێیەكەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵات ئەمانن؟ ئێمەیش دەپرسین، ئایا هاوپەیمانە نوێكەی ناتۆ و ئەمەریكا پێشمەرگەیە؟. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە نووسەرێكی بەناووبانگی لوبنانی (راجح ئەلخوری) نووسیویەتی، ئەمەریكا بریتی توركیای دۆزییەوە كە، كوردە و كردوویەتی بە هاوپەیمانێكی ستراتییژیی ناتۆ. ئەم نووسەرە دەشڵێت، "ئەمەریكا و ناتۆ و وڵاتانی جیهان، بایەخ بە رێكخستنەوەی پێشمەرگە و پڕچەككردنی دەدەن. خاڵێكی دی، چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی و تێپەڕبوونی بەنێو خاكی توركیادا، ئەمە مانای دەركەوتنی هاوپەیمانە نوێیەكەی ئەمەریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوین كە، بریتی توركیایە".
(ئەلخوری) كۆمەڵێك بژاردە بە پرسیار دەخاتە ڕوو، ئەگەر ئەمەریكا كوردی كردە بریتی توركیا بۆ هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی لە ناوچەكە، چیی روو دەدات؟ هەر خۆیشی پێشبینی دەكات، لە ئەگەری روودانی حاڵەتێكی وەهادا، كورد لە داهاتوودا دەوڵەتی دەبێت. (ئەلخوری)، زێتر روونی دەكاتەوە، "داهاتووی سیاسیی كورد گەشە، وەك نموونە بە رۆژنامەی (تایمز) دەهێنێتەوە كە، تێیدا نووسراوە، كۆبوونەوەی كوردەكانی سووریا لە دهۆك بۆ رێككەوتن كە بە یەكڕیزییەوە بەشداریی شەڕی داعش بكەن و، ئەنجوومەنێكی هاوبەش پێك بهێنن، نیشانەیەكە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوین".
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەیش، نەیانشاردووەتەوە كە، ئەمەریكا بنكەیەكی سەربازیی لە هەولێر كردووەتەوە و بۆچوونیان وا بووە كە هەولێر بووەتە سەنتەرێكی ستراتیژیی گرینگ بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانانی، بە تایبەت لە جەنگی دژ بە داعشدا. دكتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان (د. جووتیار عادل)، دەڵێت، دوو هەنگاو بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و كورد نراون:
یەكەم: دروستكردنی چەند بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكا لە هەولێر و هەرێمی كوردستان.
دووەم: پرسی ناتۆ كە ئەمەریكا بەشێكە لێی و مامەڵەی ناتۆ لە دوای 2001 و دوای رووداوەكەی 11ـی سێپتێمبەری ئەمەریكا، گۆڕانكاریی بەسەردا هات، لە كۆنگرەی ناتۆی واشنتۆن لە 2003، بڕیار درا كە ناتۆ تەنیا بەرگری لە ئەندامانی هاوپەیمان ناكات، بەڵكە لە هەر شوێنێك تیرۆر و مەترسیی تیرۆر هەبێت، ناتۆ لەو شوێنە دژی تیرۆر دەوەستێت. ناتۆ، لەم مانگەدا لە توركیا رایگەیاند كە، "راستە ئێمە بەرگری لە سنوورەكانی توركیا دەكەین، بەڵام لە ناوچەكانی دیكەیش، دژی تیرۆر دەوەستینەوە". ئەمەیش دەرخەری ئەو بیرە ستراتیژییەی رۆژئاوایە بەرانبەر ناوچەكە و بە تایبەت هەرێمی كوردستان.

پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان (د. جووتیار)، ئەوەی خستە ڕوو كە، پەیوەندیی توركیا و ئەمەریكا، لەگەڵ هاتنە سەر حوكمی پارتیی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) تێك چووە و پەیوەندی ئەمەریكا لە چوارچێوەی سەربازییەوە چووەتە بواری مەدەنی، كە ئاكپارتی لە بریتی سەربازی، مامەڵەی مەدەنی دەكات و دژ بە سیاسەتەكانی ئەمەریكا رەفتار دەكات، سرووشتی ئەمەریكایش وایە كە بە دوای بریتدا دەگەڕێ و خۆی وابەستەی لایەنێك ناكات. (د. جووتیار)، ئاماژە دەدات كە، "دیپلۆماسییەت و هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان لە ناساندنی ئەو دۆستایەتییەی لەگەڵ گەلی ئەمەریكا هەیەتی، زۆر رۆڵی هەبوو، وای بۆدەچم كە هەرێمی كوردستان نابێتە بریتێكی سەد دەر سەدی توركیا بۆ ئەمەریكا، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بۆ ئەو هاوپەیمانەتییە ئامادەیە، نەوەك تەنیا بە پلان و میكانیزم، بەڵكە بە بیر و هزر و ئەقڵەوە لە چوارچێوەی پاراستنی دۆستایەتییەكی باش و ژیرانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی، ئەمە بریتێكی زۆر باشە بۆ ئەمەریكا كە كورد هاوپەیمانیەتی". هەروەها پێشبینیی كرد لە چوارچێوەی گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناویندا، هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گەورە بگێڕێت.


شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار