٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فواد حوسێن: لەم چەند ڕۆژەدا هێزی پشتیوانیی پێشمەرگە دەچنە کۆبانی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان(فواد حوسێن) دەڵێ، هێزێکی پێشمەرگە کە وەها بڕیارە بچێتە کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە چاوەڕوانیی ئەو کاتە دیاریکراوەدایە کە لەگەڵ حکوومەتی ئانکارا و کوردانی ڕۆژئاوادا بڕیاری لەبارەوە دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، (فواد حوسێن) بە ڕۆیتەرزی گوتووە، وەها چاوەڕوان دەکرێ لەم چەند ڕۆژەی دادێ، هێزێکی پشتیوانی بچنە کۆبانی، بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی بەرگریکارانی کورد.
دەربارەی جۆری ئەو چەکەیش کە ئەو هێزەی پشێمەرگە لەگەڵ خۆیدا دەیبات(حوسێن) دەڵێ، "نیمچەقورس"ـن، کە لە ڕێگەیانەوە، بەریگریکارانی کۆبانی، کە تەنیا چەکی سووکیان لە دەستە، بەرەوڕووی تانک و زریپۆشەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ببنەوە و تێکیان بشکێنن.
زیاتر لە چل ڕۆژە، شەڕڤانان و هەندێکی دی لە بەرگریکاران، قارەمانانە بەریان بەو هێرشە بەرفروانەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش گرتووە، کە دەیەوێ ئەو شارە ستراتیژی و سنوورییەی ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات، بەر لە بڕیاردان لە ڕەوانەکردنی هێزێکی پشێمەرگەیش کە لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دواتر ڕەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە، هەر بە هەوڵی دیپلۆماسیی (سەرۆک بارزانی) هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، بۆ تێکشاکاندنی مۆڵگەکانی داعش لە دورووبەری کۆبانی، بۆردوومانەکانیان چڕ کردنەوە و پشتیوانێکی ئەرێنیی دۆخی بەرگری بوون.
زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار