کۆبانی.. تیرۆریستانى داعش زۆریان لێ کوژراون.. ئەم ئێوارەیە بە نیازى هێرشن

کۆبانی-KDP.info- لە ئەنجامی بەرگریی قارەمانانەی شەڕڤانان لە کۆبانی، زەبرێکی گورچکبڕ لە تیرۆریستانی داعش درا و فڕۆکەی هاوپەیمانانیش تۆپێکى 23 ملمی تێک شکاندووە کە مەترسیی زۆر خستبووە سەر شەڕڤانان لە کۆبانى، سەرچاوەیەکی باڵاى سەربازییش لە کۆبانى دەڵێت، زانیاری هەیە کە لە ئێستادا نزیکەى 200 تیرۆریستى داعش بە نیازن هێرش بکەنە سەر شەڕڤانان.
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادارى سەربازی لە کۆبانى، تایبەت بۆ KDP.info ڕایگەیاند، "لە دوێنێ شەوەوە تیرۆریستانی داعش لە هێرشى بەردەوامدان بۆ سەر شارى کۆبانى تا بتوانن دەروازەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام دواى بەرگریێکى زۆر قارەمانانەى شەڕڤانان لە کۆبانى، توانراوە ژمارەیێکى زۆر لە تیرۆریستانى داعش بکوژرێن، هاوکات بە پشتیوانیی فڕۆکەى هاوپەیمانانیش تۆپێکى 23 ملم کە مەترسیی زۆری خستبووە سەر شەڕڤانان لە کۆبانى و تێک شکێنرا."
سەرچاوەکە گوتیشی، "فڕۆکەی شەڕکەری هاوپەیمانان، هاوکات مۆڵگەیەکی سەربازیی زەبەلاحی تیرۆریستانیان تێک شکاندووە".
ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، "لە گوندی مەزار داوود و چەند گونێکی دیکەی کۆبانی، نزیکەی 200 تیرۆریستی داعش کۆ بوونەتەوە و بە نیازی ئەوەن ئەم ئێوارەیە هێرش بکەنە سەر شەڕڤانان."




