لیژنەیەك بۆ كێشەی بودجەی گشتیی هەولێر و بەغدا پێك هێندراوە

بەغدا-kdp.info- لیژنەیەكی نۆ كەسی بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی عێراق بۆ چارەكردنی كێشەی بودجەی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان پێك هاتووە و پێویستە ئەم هەفتەیە ئەو لیژنەیە كاری خۆی تەواو بكات.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لیژنەیەك لە نۆ كەس پێك هاتووە كە وەزیری دارایی (هۆشیار زێباری) سەرۆكایەتیی دەكات و كارەكەیشی چارەكردنی كێشەی بودجەی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستانە، پێویستیشە ئەم هەفتەیە ئەو لیژنەیە كاری خۆی تەواو بكات و ئەنجامەكانیش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
(ئەشواق جاف) گوتیشی، ئەو لیژنەیە تاوەكو ئێستا كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە و دیار نییە تاوەكو ئێستا گەییشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك یاخود نا.
ئەو هەروەها زیاتر ڕوونی كردەوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی لەوە كردووە كە ئەو لیژنەیە هەر بڕیارێك بدات، پێیەوە پابەند دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




