سالار عوسمان: هەمیشە ناچارمان دەكەن وەڵام بدەینەوە.. ڕاگەیاندنی یەکێتی ئیشكالییەتی فرەجەمسەری هەیە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی دەستگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی ڕایدەگەینێت، "لە هەموو مێژووی راگەیاندنی پارتیدا، راگەیاندنێكی هێرشبەری شەركەڕ نەبووین بەقەد ئەوەی راگەیاندنێكی بەرگریكار و وەڵامدەرەوە بووین، ئەم بەرگریكردن و وەڵامدانەوەیەیش، جۆرێكە لە بەرپرسیارەتیی نیشتمانی". دەشڵێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، هەندێ جار لێرە و لەوێ لەلایەن كادیرە باڵا و دیارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هێرش دەكرێتە سەر پارتیی دیموكراتی كوردستان.
ئەندامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سالار عوسمان)، بۆ KDP.inf گوتی، "دواكۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی دانوستانكاری هەر دوو مەكتەبی راگەیاندنی پارتی و یەكێتی، لەسەر دانیشتنی 16-ی مانگی هەر دوو مەكتەبی سیاسی بوو بۆ ئەوەی لەم قۆناخەدا لە پاڵ هەمواركردنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژیدا، یەكگوتاری لە ختابی راگەیاندندا هەبێت و رێككەوتن بوو لەسەر خاڵە هاوبەشەكان و لەسەر ئەم بنەمایانەیش كۆبوونەوەكە ساز كرا، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، هەندێ جار لێرەو لەوێ لەلایەن كادیرە باڵا و دیارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، دوای كۆبوونەوەكەیش هێرش دەكرێتە سەر پارتیی دیموكراتی كوردستان".
(سالار عوسمان) گوتیشی، "ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان و راگەیاندنی پارتی، بە هیچ جۆرێك نەمانویستووە گرژی دروست بكەین، بەڵام هەندێك جار ناچار دەكرێین وەڵام بدەینەوە. دەمەوێت بڵێم، ئەوەی ئێمە كردوومانە لە پێشتریش و لەمەودوایش، پابەندبوونە بە رێككەوتنەكان و رێزگرتنە لە واژۆی ئیتفاقییەكان و دروستكردنی كەشێكی لەباری هێمنە بۆ رەوشی سیاسی و میدیایی لە كوردستان و دەرككردنە بە قۆناخە گرینگەكە لە رووی تێكڕای ئەو پێشهاتە سیاسیانەی لە نێوخۆی كوردستان و عێراق و دەوروبەری كوردستان و بەرخودانی رۆژئاوادا ڕوو دەدەن و هەموو ئەو شەڕ و ململانێیەیش كە داعش لە هەرێمی كوردستاندا هەڵیگیرساندووە، ئەوانە هەمووی خاڵی گەشن بۆ پابەندبوونی ئێمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە لە كاتێكدا كە هێرش دەكرێتە سەر پارتی و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، ناچارین وەڵام بدەینەوە كە پێمان خۆش نییە ئەو وەڵامە بدەینەوە، بەڵام هەندێك جار بەداخەوە ناچارمان دەكەن ئەم وەڵامانە بدەینەوە، لەگەڵ هەبوونی ئەم وەڵامەیشدا دیسان ئێمە هەوڵ دەدەین وەڵامی كەسەكان و دەستگاكان بدەینەوە، ئێمە تەركیز ناكەینە سەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو حزبێك، ئەوە ئیشكالییەتی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە كە لە گرفت و لە ئیشكالییەتێكدا دەژی كە رێك ئیشكالییەتی سیاسیی یەكێتییە، واتا ئەو ئیشكالییەتەی كە خودی یەكێتی هەیەتی وەكو رێكخراوێكی سیاسی، هەمان ئیشكالییەتیش شۆڕ بووەتەوە ناو میدیاکەی، ئەویش ئیشكالییەتی فرەجەمسەرییە، ئیشكالییەتی نەبوونی مەركەزیەتێكی پابەندە بە بڕیارەكانی سەرەوەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان".
ئەو ئەندامەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دەشڵێت، "ئەو فرەجەمسەرییە و بوونی ئیشكالییەت و جۆرێك لە پابەندنەبوون، وای لە یەكێتی كردووە لە ئاستی باڵایش جارجار جۆرێك لە ناكۆكی، فرەجەمسەری، فرەقسەیی، فرەمینبەری و فرەلێدوانی دروست ببێت كە ئەمە بۆ خۆی بە بڕوای من زۆرترین زیان لە یەكێتی دەدات".
(سالار عوسمان) نموونە بۆ قسەكانی دەهێنێتەوە و ئاماژە دەدات، "سەبارەت بە دوابەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر مەسەلەی چەكناردن بۆ كۆبانی، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسییان لەم بەیاننامەیە ئاگادار نین، جا حزبێك كە میدیایەكی گەورەی هەیە، ئیشكالییەتێكی گەورەیە و دەبێت چارە بكرێت، ئەم ئیشكالییەتی فرەجەمسەرییە دەبێت لەنێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەم لە ئاستی سیاسی و هەم لە ئاستی میدیاییدا چارە بكرێت، ئەگەرنا تێكڕای رەوشی سیاسی زەرەری لێ دەكات و میدیایش زیانی پێ دەگات".
سەبارەت بە كۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەكتەبی راگەیاندنی پارتی و یەكێتی بۆ چارەكردنی ئەو گرفتانە، (سالار عوسمان) گوتی، "گرفتەكە لەوە گەورەترە بە كۆبوونەوە چارە بكرێت، چونكە ئەوەی لە ناو یەكێتیدا بڕیار لەسەر ختابی راگەیاندنیان دەدات، مەكتەبی راگەیاندنیان نییە بەقەد ئەوەی سەركردە باڵا و دەستڕۆییشتووەكانن نەك مەکتەبی سیاسی، بۆیە چارەی بنەڕەتی ئەوەیە كە سەركردایەتیی دەستڕۆییشتووی یەكێتی بە حەزەرەوە لە قۆناخەكە بڕوانن، یەكڕیزی بپارێزن و ئەم خیتابەی راگەیاندن و ئەم فرەجەمسەرییەی هەیشە، چارەی بكەن. پێشم وایە دەبێت پارتیی دیموكراتی كوردستان قسە لەگەڵ ئەم دەسترۆییشتووە باڵایانەی ناو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بكات بۆ ئەوەی ئەوان كۆنتڕۆڵی بواری راگەیاندن و خیتابی راگەیاندیان بكەن".
زیاتر گوتی، "ئێمە وەكو مەكتەبی راگەیاندن و ڕۆشنبیریی پارتیی دیموكراتی كوردستان، پابەندین بەو رێككەوتنەوە، وەك چۆن پێشتریش پابەند بووین و لە هەموو مێژووی راگەیانی پارتی و ئێستایشدا راگەیاندنێكی هێرشبەری شەڕكەر نەبووین بەقەد ئەوەی راگەیاندنێكی بەرگریكار و وەڵامدەرەوە بووین، بڕوایشمان بەوە هەیە ئەم بەرگریكردن و وەڵامدانەوەیە، جۆرێكە لە بەرپرسیارەتیی نیشتمانی و ئەو پەرپرسیارەتییەیش لە ئەستۆ دەگرین".
KDP.inf




