٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی: ئاڵوگۆڕكردنی نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم لە دەرەوە، كارێكی ئاساییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئاڵوگۆڕكردنی نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵات كارێكی ئاساییە. دووپاتیشی دەكاتەوە كە سەرجەم پۆستەكان بەپێی لێهاتووی دابەش دەكرێن.

گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (سەفین دزەیی)، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی KDP.info رایگەیاند، "نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا ماوەی دوو ساڵ و نیو كەسی لێ نەبووە، بۆیە پێویست بوو لەم كاتەدا كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەكی كارامان لەو وڵاتەدا هەبێت، پێشنیازكردنی خاتوو (بەیان سامی عەبدولڕەحمان لەم كاتەدا بۆ ئەو پۆستە، پێشنیارێكی باش بوو، چونكە ناوبراو كەسێكی لێهاتووە و لە ماوەی رابردوودا وەكو نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا، رۆڵێكی باڵای هەبووە لە پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەولێر و لەندەن، بۆیە گواستنەوەی كەسەكان لە نێوان نوێنەرایەتییەكاندا، كارێكی ئاساییە".
(دزەیی) گوتیشی، "كاتێك بڕیاری كۆتایی لەسەر دانانی (بەیان سامی) بە نوێنەری حكوومەت لە واشنتۆن دەدرێت، ئەو كاتە قسە لەسەر نوێنەرایەتیی بەریتانیایش دەكەین، حكوومەتی هەرێمیش لە چەندین لایەن پێك هاتووە و سەرجەم ئەو لایەنانە مافی خۆیانە ئەگەر كەسانی لێهاتوویان بۆ وەرگرتنی رۆڵ لەو نوێنەرایەتیانەدا هەبێت".
سەبارەت بە گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی حكوومەتی هەرێمیش، گوتەبێژی حكوومەت ئاماژەی دا، "گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی حكوومەتدا، بەستراوەتەوە بە لێهاتوویی كەسەكان و كاندیدی لایەنەكان كە بۆ ئەو پۆستانە پێشنیاز كراون، ئەمەیش كاریكی گرنگە، چونكە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان بڕبڕەی پشتی كاری حكوومەتن، بۆیە ناكرێت كادرێك بۆ رازیكردنی دڵی لایەنێك دابنرێت كە هیچ شارەزاییەكی لە كارەكەدا نەبێت".
لەبارەی كاتی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، (سەفین دزەیی) دووپاتی كردەوە كە، شاندەكەی هەرێم بە سەرۆكاتیی سەرۆكی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی بەغدا دەكات، بەڵام تا ئێستا كاتی سەردانەكە دیاری نەكراوە.
گوتیشی، "ئێمە چاوەڕێ دەكەین بەغدا نیازیپاكیی خۆی پێشانی شاندەكەی كوردستان بدات و زۆربەی كێشەكان لە نێوان هەردوولادا چارە بكرێن، بۆیە هەنگاوی یەكەم زۆر بەلامانەوە گرینگە، ئەویش بریتییە لە بنیاتنانی متمانە لە نێوانماندا و نیازچاكیی بەغدا بۆ چارەكردنی كێشەكان".

هەواڵی پەیوەندیدار