٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەش وەزیر فۆڕمیان پڕ نەکردووەتەوە.. پەرلەمانتارانی هەرێم فۆڕمی دەستپاكییان پڕ كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پڕكردنەوەی فۆڕمی دەستپاكی دەستی پێ كردووە و سەرجەم پەرلەمانتارانیش فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، داوایان لە سەرجەم بەرپرسانی حكوومەت كردووە فۆڕمەكان بگەڕێننەوە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی لە كوردستان (د. ئەحمەد ئەنوەر)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "سەرژمێریی دەستەكەمان ڕاگەیاندووە و فۆڕممان دابەش كردووە، كە چەندمان دابەش كردووە و چەندیشمان گەڕاندووەتەوە، سەرجەممان بڵاو كردوونەتەوە".
گوتیشی، "لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا، شەش وەزیر ماون ئەو فۆڕمە پڕ بكەنەوە، هەروەها سەرجەم پەرلەمانتارانیش فۆڕمەكەیان بۆ دەستە گەڕاندووەتەوە، جگە لەوەیش لە ئاستی وەزارەتەكاندا وەك بەڕێوەبەری گشتی و بریكارەكان كە یاساكە دەیانگرێتەوە، بەردەوام فۆڕمیان بۆ دەنێرین و داوای پڕكردنەوەی ڕێنماییەكان دەكەین".
(ئەحمەد ئەنوەر) ڕوونیشی كردەوە كە، پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی دەستپاكیی عێراق نییە، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا دەستەكەی بەغدا بووەتە پاشكۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئێستا قسە هەیە دەستەی دەستپاكیی عێراق لە پەرلەمان هەڵبژێردرێنەوە كە ئەوەش جێگای خۆشحاڵییە، چونكە سوود لە یەكدی وەردەگرین، بەپێی یاسایش دەبێت ئەوان هەماهەنگییان لەگەڵ ئێمە هەبێت، بەڵام لە ڕووی پڕاكتیكەوە ئەو پەیوەندییەی نێوان ئێمە و بەغدا وای كردووە كە نەتوانرێت كارەكان وەك پێویست بەڕێوە بچن".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، جگە لە كۆی 111 پەرلەمانتار، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش ئەو فۆڕمەی پڕ كردووەتەوە.
دەشڵێت، "ئێمە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ و تاپۆ و كۆمپانیاكانەوە راپۆرتی خۆمان دەنووسین، سەرەتا وەك قۆناخی یەكەم لەگەڵ بەرپرساندا كۆ دەبینەوە و دواتر ڕوونكردنەوەی پێویستیان دەدەینێ".

كارزان هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار