پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی: بارزانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک مەرجەع بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان، لێی دەڕوانرێ

هەولێر-KDP.info- دکتۆرا لە یاسایی نێودەوڵەتی (فرسەت سۆفی) رایدەگەیەنێت "(سەرۆک بارزانی) ئێستا رێبەرێکی رۆحیی گەورەی 40 ملیۆن کوردە کە، لە ژێر چەتری ئەودا، خەونەکانی گەلی کورد بە دی دەهێنرێن"، زیتر گوتی "ئێمە پێویستمان بە مەرجەعێک و رێبەرێکی سیاسی و نەتەوەیی هەیە، کەسیش وەک (سەرۆک بارزانی) ناتوانێ ئەو پێشەوایەتییە، بکات".
دونیا چاوی بڕیوەتە خوێندنەوەی پێشهاتە سیاسییەکانی (سەرۆک بارزانی)
رۆژنامەکانی جیهان، چاوێکیان هەر لەسەر سەر هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (مەسعوود بارزانی) جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەکات، رای گشتیی نێودەوڵەتیی بە دیققەتەوە، زوومی رووداوەکانی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کۆدەنگی رای گشتیی نێودەوڵەتیی و بایەخدان بە هەرێمی کوردستان، پسپۆری یاسایی نێودەوڵەتیی و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، (د.فرسەت سۆفی) بۆ KDP.info، دەڵێت: (سەرۆک بارزانی) لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی، میدیا و جەنگی دژ بە تیرۆر، لەسەر ئاستی جیهاندا رەقەمێکی قورس و سەنگینە و زۆر کاریگەرە، دونیا چاوی بڕیوەتە خوێندنەوەی پێشهاتە سیاسییەکانی (سەرۆک بارزانی). جورئەتی سیاسیی (سەرۆک)، بووەتە جێگەی بایەخی میدیایی جیهان و هەڵوێستەکانی شیی دەکرێنەوە، ئەو گرێکوێرانەیی سەخت بوون لە ئاستی عێراق، سووریا و تورکیا بکرێنەوە، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەکە لەلایەن (سەرۆک) کرایەوە. ئەمەیش وای کرد لە ئاست میدیای جیهانیدا باس لەو قورساییە و کاریگەرییەی جەنابی (سەرۆک) بۆ هەر رووداوێک بکرێت کە لە ئارادا بێت، یان ئەگەری روودانی هەبێت".
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی راوێژ بە (سەرۆک بارزانی) دەکات
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، زۆر شت هەبوون ئەگەری روودانیان هەبوون، (سەرۆک) پێشبینی دەکرد و هۆشداریی دەدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق کە، ناوچەکە بەرەو ئاگر دەڕوات، بەڵام "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەڵسەنگاندنی ئەو هەڵوێستانە وەدرەنگ کەوت، بەڵام لە ئێستادا تێگەییشتن کە (سەرۆک)، چەند وردبینانە خوێندنەوەی پڕی لە ئاست ئەو رووداوانەدا هەبوو، بۆیە لە ئاست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، راوێژی پێ دەکرێت". (د.فرسەت سۆفی) وایگوت.
لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە بانگەوازی (سەرۆک بارزانی) هاتە دەنگ، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ ناوچەکانی دیکەیش، سووریا و تورکیاییش راوێژیان بە (سەرۆک) کرد. پسپۆرەکەی بواری یاسایی نێودەوڵەتی روونی دەکاتەوە: "(سەرۆک بارزانی) کوردەکانی رۆژئاوای کوردستانی لە دهۆک ئاشت کردنەوە، ئەمە زۆر سەخت بوو، وەک دەبینرا دەستی دەرەکییش رۆڵی لە دروستکردنی کەشێکی بارژگرژی لە رۆژاوای کوردستاندا هەبوو، بەڵام سەرۆک رێککەوتنی پێ واژۆکردن و یەکی خستنەوە. هەڵبەت رۆڵی (سەرۆک) بۆ پرۆسەی ئاشتەواویی و بەرەوپێشوەچوونی پرسی کورد لە تورکیاییش کاریگەر بوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێگەییشت لە رۆڵی ئاشتیانەی (سەرۆک بارزانی) و زۆر کێشەی سەخت هەبوون کە دەرگایان بەسەردا داخرابوون و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیدەتوانی چارەیان بکات، بەڵام دواتر کلیلی کردنەوەی دەرگاکان، لای (سەرۆک بارزانی) دۆزرایەوە".
بڕیاری چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، بە مەبەستی پاراستنی رۆژئاوای کوردستان، رووداوێکی دیکەی مێژوویییە کە، بە لای (د.فرسەت سۆفی)، ئەم بڕیارە بە کۆششی (سەرۆک) دروست بوو و تورکیای رازی کرد پێشمەرگە بەنێو خاکەکەیدا بڕوات و بچێتە رۆژئاوای کوردستان، وەک ئاماژەی دا: "بۆ ئێمەی گەلی کورد خەون بوو، پێشمەرگە بە رێگەپێداروێکی نێودەوڵەتییەوە بە مەبەستی پاراستنی رۆژئاوای کوردستان، بچێت سنووری تورکیا ببیڕێت، بەڵام ئەمە لای (سەرۆک بارزانی) پێشبینیکراو بوو، ئەمەیش کاریگەری و قورساییی نێودەوڵەتیی (سەرۆک) دەردەخات. وەرچەرخان و، جورئەتێکی گەورە بوو، گۆڕینی هاوکێشەیەکی قورس بوو کە تورکیا رازی بکرێت، بەتایبەت کە پەیەدە ناکۆکیی زۆری لەگەڵ تورکیادا هەیە، ئەگەر (سەرۆک بارزانی) نەبووایە، کەس نەیدەتوانی ئەم کارە بکات. لە رووی یاساییەوە شکاندنی دیوارێک بوو، ئەم دیوارەش (سەرۆک) شکاندی، کاتێک لە پەرلەمانی کوردستان بە یەک دەنگ بڕیارمان دەرکرد کە پێشمەرگە دەچێتە رۆژئاوای کوردستان، ئەمە خاڵێکی یاسایی دروست کرد و شەرعیەتی پەرلەمان درا بە رۆژئاوای کوردستان کە ئەمەیش، بە کۆشش و کاریگەریی (سەرۆک) بوو".
(سەرۆک) خەمخۆری نەتەوەیەکی 40 ملیۆنییە
پرسیار دێتە پێشەوە، وەک پێشووتر تۆڕی میدیای BBC کردوویەتی، نەتەوەیەکی گەورەی سەرووی 40 ملیۆن کەسیی وەک کورد، داهاتووی بە کوێ دەگات؟ کێ خەمخۆریەتی؟ ئەو کەناڵە بیانییە هەڵبەت گەشبینی دەربڕییەوە کە کورد داهاتوویەکی باشی هەیە، چونکە سەرۆکێکی بە جورئەت و گەورەی هەیە. لەبابەت ئەم پرسەوە (د.فرسەت) گوتی: "ئەگەر لە رووی یاساییەوە مومکین نەبێ لە ئێستادا (سەرۆک بارزانی) وەک سەرۆکی هەرچوار پارچەی کوردستان دەستنیشان بکرێت، بەڵام (سەرۆک بارزانی) رێبەرێکی رۆحیی گەورەی 40 ملیۆن کوردە کە لە ژێر چەتری ئەودا، خەونەکانی گەلی کورد بە دی دەهێنرێن، ئێمە پێویستمان بە مەرجەعێک و رێبەرێکی سیاسی و نەتەوەیی هەیە، کەسیش وەک (سەرۆک بارزانی)، ناتوانێ ئەو پێشەوایەتییە بکات".
جەنگی دژ بە تیرۆر
بۆچوونی وا هەیە کە بە هۆی گورزوەشاندنەکانی پێشمەرگە لە داعش، دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش هەرەسی نەهێنا، چونکە لەبەرەی جەنگی سنوورەکانی پێشمەرگە، داعش تێک شکا و زەبری کوشندەی بەرکەوت. (فرسەت سۆفی) جەختی کردەوە "داعش، زۆر بە ئاسانی رۆژ بە رۆژ کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی عێراقی دەکرد، بەڵام لە کوردستان لوتی شکا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرەتا زۆر خەمسارد بوو، بۆ لەناوبردنی داعش بە دەم داوای بەغداوە نەچوو، بەڵام بینیمان کاتێ هەڕەشەی داعش لە کوردستان کرا، زۆر بە خێرایی لەسەر داوای (سەرۆک بارزانی)، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە سەر هێڵ، ئێستایش (سەرۆک بارزانی) لە جەنگی دژی تیرۆر، پێشەوایی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دەکات، بۆ هەموو لایەک روونە کە (سەرۆک بارزانی) نەک تەنیا سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو سەرۆکێکی نەتەوەیییە، کەسایەتییەکیی سیاسیی گەورەیشە، لە ئاست هەموو جیهاندا".
شاو کوردی




