پێشمەرگە، دەڤەری زومماری بۆ داعش کرد بە گۆڕستان.. دانیشتوانەکەی لە هەوڵی گەڕانەوەدان

زوممار-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی لە زوممار دەڵێت، دوای ئەوەی دوێنێ هێز پێشمەرگە زومماری لە چەکدارانی داعش پاک کردەوە و ڕزگاری کرد، پێشمەرگە لەئێستادا سەنگەرەکانیان لەو شوێنانە جێگیر دەکەن و خەڵکێکی زۆر لە هەوڵی گەڕانەوەن بۆ ماڵەکانیان لەو شارۆچکەیە و دەوروبەری. گوتیشی، پێشمەرگە گورزی وەها کوشندەی لێ وەشاندن، ناوچەکەی لە داعش کرد بە گۆڕستان.
بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار(حەسەن خەلۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە دوای ئەوەی ئەو ناحیەیە رزگار کرا، لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ناوچەکە لە هەوڵی گەڕانەوەن بۆ گوندەکانیان، بۆ دڵنیایی و سەلامەتیی گیانی دانیشتوانەکەی، پێشمەرگە پێی ڕاگەیاندوون کە پەلە نەکەن و هەرکاتێک لە مینی چێندراو و تەقەمەنی پاک کرانەوە، ئەو کات بگەڕێنەوە، چونکە تیرۆریستانی داعش مین و تەقەمەنیێکی زۆری چاندوون".
دەرابرەی ئەو زیانەیشی کە لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە، دوێنێ زوممار لە تیرۆریستانی داعش وەشێندراوە،(خەلۆ) گوتی، "ژمارەیەکی زۆری تیرۆریستانی داعش لە هەڵمەتی قارەمانانەی دوێنێدا کوژراون، بە جۆریکە ئەو ناوچەیە بووەتە گۆڕستانی داعشەکان، جگە لەوەش 15چەکداریش بە دیل گیراون و برێکی زۆری چەک و تەقەمەنییش کەوتووەتە دەست پێشمەرگە."
ئاماژەیشی دا، "بەداخەوە دوێنێ ئەفسەرێکی هێزی پێشمەرگە بە ناوی (نەقیب شڤان) دوای ئەوەی 35بۆمبی چێندراوی پووچەڵ کردنەوە، بۆمبی 36بە-ەمینی پێدا تەقییەوە، لە ئاکامد سێ برا و مام و برازایەک شەهید بوون، کە خەڵکی قەزای سۆرانن."
سەرلەبەیانیی دوێنێ شەممە، هێزەکانی پشێمەرگە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆک بارزانی)، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ سەر شاردێی زوممار و دوروبەری بەرپا کرد و لە ئاماکامدا، توانییان تەواوی ناوچەک لە تیرۆریستانی داعش پاک بکاتەوە زوممار و 14 گوندی ئەو دەڤەرە رزگار بکەن.
بڵند ئیبراهیم




