٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان کەرکووکی: میلیشیا شیعەکان بە پشتیوانیی دەرەکی هاتوونەتە ناوچەکە.. لە داهاتوودا کەریگەریی خراپی دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان دەڵێت، ھێزی میلیشیا شیعەکان بە مەبەستی جێگربوون لە دەورووبەری کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ھاتوونە، نەک بۆ شەڕی داعش، ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەریی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
(عەدنان کەرکووکی) بە KDP.INFOی راگەیاند: "لە یەکەم رۆژەوە ئێمە لەگەڵ ھاتنی ھێزی میلیشیاکان نەبووین بۆ کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، بەڵام بە داخەوە لەلایەن ھەندێک لایەنەوە ئاسانکارییان بۆ کراوە و چەک و تەقەمەنیشیان پێ درا، تا ھاتنە ناوچەکە، بیانووکەیشیان ئەوە بوو کە بێن و ناحیەی ئامرلی و ھەندێک ناوچەی دیکە رزگار بکەن، بەڵام لەئێستادا نییەتیان ئاشکرا بوو و خەڵک بە ڕوونی لەلای خورماتوو دژایەتییان دەکەن و لە ھاتنیان نیگەرانن."
(کەرکووکی) زیاتر گوتی، ھیچ ھەماھەنگییان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە نییە و خۆیشیان فەرز دەکەن.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی، "ئەوان ئەگەر بە مەبەستی شەڕی داعش ھاتوون، لە جەلەولا و سەعدیە داعش ھەیە، بۆ ناچن لەوێ شەڕ بکەن، بۆیە نەک تەنیا ھاووڵاتیانی کورد، بەڵکو لایەنە سیاسییەکان وعەرەبەکانیش لێیان نیگەرانن، بەتایبەت ناوچەکانی کەرکووک، چونکە سوننەمەزھەبن و ترسی تۆڵەسەندنەوەیان ھەیە."
(کەرکووکی) ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوان بە پاڵپشتیی دەرەکی ھاتوون بۆ ناوچەکە، نەک بۆ شەڕی داعش، بە ڕوونیی دیارە کە، بوونی ئەو میلیشیا شیعیانە لە داھاتوودا کاریگەریی خراپی دەبێت، چونکە ئەو ھێزانە ھاتوون جێگیر بن و نەگەڕێنەوە."

بڵند یبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار