٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا هیچ قەیرانێكی داراییی نییە.. مامەڵەكردنی بەغدا بەرانبەر بە هەولێر بەم عەقڵییەتەوە، مەترسیدارە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق هەنگاوی ناوە و هەموو وردەكاری و سیاسەتی نەوتی هەرێمیش بە داتا و ژمارە لە بەغدا هەیە، سەبارەت بە وردەكاریی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت، ئەگەر ئەمە كێشەیان بێت، ئەوا داوایان لێ كراوە ئەگەر بڕوایان بە زانیارییەک پێدراوەکان نەبێت با خۆیان بێن و لە ئەرزی واقیعدا هەموو شتێك ببینن، بەڵام ئەمانە هەموو بیانوون.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان)، لە دیدارێكی KDP.inf-دا گوتی، "ئەم دۆخەی ئێستای عێراق و بوونی قەیرانی دارایی، لە ئەنجامی چۆنیەتیی رەفتاركردن و هەڵسوكەوتە هەڵەكانی حكوومەتی پێشووی عێراق و حكوومەتی ئێستایشە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، هەڵبەت لەسەر هەموو ئەو دۆسیانەی كە بوونەتە مایەی گرفت لە نێوان ئێمە و بەغدادا".

(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، "هەر شتێك كە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێویست بووبێ، بەپێی دەستووری عێراق هەنگاوی ناوە و پابەند بووە، كەچی بەغدا خۆی دەستووری پێشێل كردووە و بێ گەڕانەوە بۆ هیچ بنەمایەكی یاسایی، قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە. نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و خودی (عەبادی) هاواریان دەكرد كە گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە دەوامكردنی وەزیرانی كورد لە بەغدا چارە دەبێت، كەچی وەزیرەكانی كوردیش دەستبەكار بوون و ئێستا دەڵێن ئەم كێشەیە تەنیا بە دەستبەكاربوونی وەزیرەكان چارە ناكرێت".

سەبارەت بە وردەكاریی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، (شەعبان) ئاماژەی دا، "هەموو وردەكاری و سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بە داتا و ژمارە لە بەغدا هەیە، ئەگەر ئەمە كێشەیان بێت، داوایان لێ كراوە ئەگەر بڕوایان پێ نەبێت با خۆیان بێن و لە ئەرزی واقیعدا هەموو شتێك ببینن، بەڵام ئەمانە هەموو بیانوون".
جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەم شێواز و عەقڵییەتە، مەترسیدارە و من بە دووری نابینم كە ئەم نەریتەی چەوساندنەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ببێتە یاسایش".

ڕەنگە جیاوازیی هەناردەی نەوتی عێراق، قەیرانی قەیرانی دارایی وەبەر بێنێ
پێوەست بە باسكردنی قەیرانی دارایی لەسەر زاری سیاسی و كاربەدەستانی عێراقیش، گوتی، "لەناو سیاسییەكان و كاربەدەستانی حكوومەتی عێراق، لێرە و لەوێ ئێستا باس لە قەیرانێكی دارایی دەكرێت و خودی (عەبادی)ـیش باسی لەوە كردووە كە گوایە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لەو ئاستە نزمەی ئێستادا بێت، ئەوا عێراق رووبەرووی قەیرانێكی دارایی دەبێتەوە، ئەمە ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ نەگەییشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدادا. عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵەوە كە 10 مانگە و دەكاتە 300 رۆژ، یەك بەرمیل نەوتی خۆی بە 105 دۆلاری فرۆشتووە و لە بازاڕەكانی جیهانیشدا بەرهەمی هەناردەكراوی نەوتی عێراق لەم 300 رۆژەدا 2 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، بە بەراوردیش لەگەڵ ساڵی 2013 بەرهەمی هەناردەكراوی عێراق بە رێژەی 60 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمی كردووە و بڕی پارەی ئەم 300 رۆژەیش دەكاتە نزیكەی 75 ملیار دۆلار و بەم شێوەیەیش حیساب دەكرێت: 2 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل هیی 300 رۆژ، كەڕەتی 105 دۆلار دەكاتە 75 ملیار دۆلار، ئەگەر ئەم 65 رۆژی ئەمساڵ كە ماوە هەروا بەرمیلێك نەوت بە نرخی 78 دۆلار بۆ 81 دۆلار بفرۆشرێت، ئەوا پارەكەی دەكاتە نزیكەی 12 ملیار دۆلار، واتا 2 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەو 65 رۆژی كە ماوە لەم ساڵەدا كەڕەتی 80 دۆلار كە ئێستا بە 80 دۆلار نەوت دەفرۆشرێت، دەكاتە نێزیكەی 12 ملیار دۆلار واتا داهاتی نەوتی عێراق بۆ ساڵی 2014 لەم كاتەدا دەكاتە نزیكەی 87 ملیار دۆلار".
دەشڵێت، "ئەگەر عێراق بە نرخی بازاڕی جیهانی لە كاتی ئاساییدا نەوتی فرۆشتبا، داهاتەكەی دەبووە نزیكەی 91 ملیار بەم شێوەیە: 2 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەڕەتی 365 رۆژی ئاسایی، كەڕەتی 105 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەكاتە نزیكەی 91 ملیار دۆلار واتا هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە، تەنیا 4 ملیار دۆلار جیاوازیی لە نێوان فرۆشتنی نەوتی عێراق لە كاتی ئاساییدا و لەو كاتەی كە نرخی نەوتی خاو دابەزیوە، هەیە".
(دڵشاد شەبان) بڕوایشی وایە، " بەغدا لە پڕۆژەیاسای بوجەی 2014ـدا نرخی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوتی بە 90 دۆلار خەمڵاندووە كە بەپێی ئەم نرخە لە 300 رۆژی رابردوودا پارەی زیادەی فرۆشتنی نەوتی عێراق بەم شێوەیە حیساب دەكرێت: 2 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هیی 300 رۆژ كەڕەتی 105 دۆلارە، ئەوەی كە لە ناو بوجەدا خەمڵێنراوە دەكاتە 15 دۆلار واتا 15 دۆلار كەڕەتی 100 رۆژ كەڕەتی 2 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە دەكاتە نزیكەی 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، كە ئەمە پارەی زیادەی فرۆشتنی نەوتی عێراقە كە دەبێتە یەدەگی فیدراڵی واتا بۆ پڕكردنەوەی ئەو زیانەی كە 65 رۆژی داهاتوو نەوتی عێراق بەری دەكەوێت، ئەویش ئەگەر هاتو ئەم قەیرانە بەردەوام بێت، ئەم زیانەمان بە چوار ملیار دۆلار خەمڵێندراوە و دەتوانن بە زیادەی پارەی 300 رۆژی پێشوو كە 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە ئەم زیانە پڕ بكەنەوە".

بەغدا هیچ قەیرانێكی داراییی نییە
(شەعبان) دەشڵێت، "جگە لەوە، عێراق نزیكەی 1 ملیار دۆلاری دیكەیشیان بۆ دەمێنێتەوە بەپێی بەرهەمی ئێستا، بۆیە بە گوێرەی ژمارەكان، بەغدا هیچ قەیرانێكی داراییی نییە، بەڵام ڕەنگە پێشبینییەكانی ئەوان بۆ ئەو بەرهەمەی كە دەبوو هەناردە بكرێت كە پێم وایە 2 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، ئەمە كێشەی بۆ بەغدا دروست كردبێت كە بەپێی ئامار و داتاكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی پێشوو نزیكەی 60 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرهەمی نەوتی عێراق كەمی كردووە لە جیاتی ئەوەی كە لە رۆژێكدا 2 ملیۆن 900 هەزار بەرمیل هەناردە بكرێت، ئێستا رۆژانە ناتوانێت زیاتر لە 2 ملیۆن و 375 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردەی دەرەوە بكات، كە جیاوازییەكەی نزیكەی 500 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، كە رەنگە ئەم جیاوازییە ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی عێراق".
بە گوتەی جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی كوردستان، "بۆ پڕكردنەوەی ئەم جیاوازییە لە هەناردەكردنی نەوتی عێراق، دەبێت (عەبادی) سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و داوا بكات كە عێراق لەم قەیرانە داراییە رزگار بكرێت كە خۆی باسی لێوە كردووە، چونكە تەنیا هەولێر دەتوانێت ئەم جیاوازییە بۆ عێراق پڕ بكاتەوە، هەروەها دەبێت سوپاسی پێشمەرگەیش بكات كە لە جیاتی ئەوان و هەموو جیهان ئێستا رووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە، سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بكات بۆ بەرەوپێشچوونی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا كە دەبێتە هۆی چارەكردنی قەیرانی دارایی عێراق ئەگەر رێك كەوتین". 
KDP.inf

هەواڵی پەیوەندیدار