٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە لە زوممار داعشی گەمارۆ داوە.. خاڵە ستراتیژییەکان لەدەست پێشمەرگەدان..شەڕی بە تەواوی پاککردنەوە درێژەی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار- تایبەت-KDP.info-  بەرەبەیانیى ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى زوممار هێرشی فراوانیان بەرپا کرد و زوممار و چەندین گوندى سەر بەو شارۆچکەیەی کۆنترۆڵ کردوونەتەوەو و بەرپرسێکیش دەڵێ توانراوە بچنە نێو شارۆچکەکەیشەوە. ئەفسەرێکی ھێزی پێشمەرگەیش لە بەرکانی جەنگەوە لە زوممار دەڵێت، شەڕێکی سەخت بەردەوامە و ھێزی پێشمەرگەیش چوونەتە ناو زوممار و لە هەر چوار لاوە داعشیان گەمارۆ داوە و گورزی گرچکبڕیشیان لێ داون.

(موقەددەم جەلال) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئێستا شەڕێکی سەخت لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا بەردەوامە و پێشمەرگە لە پێشرەویکردن بەردەوامە و لەئێستادا گەیشتوونەتە ناو زوممار و کۆی خاڵە ستراتیژییەکان لە دەست ئێمەدان."

ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە دەربارەی زیانی تیرۆریستان گوتی، "لەو میحوەرەی ئێمە کە چوارگۆشەی مەفرەقێکە بۆ زوممار و عەینزالە و گرکافر و سحێلا دەچێت، تا ئێستا ئەوەی من ئاگادار بم، 12 تیرۆریست کوژراون، بەڵام چونکە ھێزی پێشمەرگە لە چەندین قۆڵەوە ھێرشیان کردووە، زیانەکانی دوژمن لێیان نازنم."

زیاتر گوتی، "شەڕ بەردەوامە و چەکدارانی داعش وەک دەستپێکی هێرشی ئێمە ئەو بەرگرییەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەیامنکرد، بەرگری ناکەن و لەئێستادا تەنیا قەنناسەکانیان زیاتر کەمێک بەرگری دەکەن، ئەگینا پشتیان شکاوە و ورەیان لەەبرانبەر بە گورزی بەهێزی پێشمەرگە داڕماوە."

هاوکات کارگێرى لقى 14-ى پارتیی دیموکراتى کوردستان لە مووسڵ(شیخ محێدین مزوورى) بەKDP.INFO ى ڕاگەیاند: "بەرەبەیانىی ئەمرۆ دواى ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى زوممارەوە هێرشێکى بەرفراوانیان بەرپا کرد، پێشڕەوییان کرد و توانیویانە بچنە ناو سەنتەرى زوممارەوە و هەردوو گوندى کانى شرین و گوندى تەلموسیان، گوندی چەندان گوندی دیکەی بە تەواوى لە تیرۆریستانى داعش پاک بکەنەوە" .

(شیخ محێدین مزوورى) گوتیشى: "هێزەکانى پێشمەرگە لە ئیستادا لە پیشڕەویدان و لە گوندەکانى ترى ئەو میحوەرە، بۆ ئەوەى ناوچەکانى تریش لە چەکدارانى تیرۆریستى داعش پاک بکەنەوە ".
بەپێی زانیارییەکانی kdp.info، تەنیا لە شەقامێکدا 400مین هەڵگیراونەتەوە و ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە هێشتا زوممار بە تەوای کۆنترۆڵ نەکراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە، کۆی خاڵە ستراتیژییەکانی ناوچەکە لە دەست هێزەکانی پێشمەرگەدان و وەهایش چاوەڕوان دەکرێ، بەم زووانە زاوممار بە تەواوی لە تیرۆریستان پاک بکرێتەوە. 

بڵند ئیبراھیم- نەشوان بەرزنجى

هەواڵی پەیوەندیدار