ناوەندی لالش: میرتەحسین بەگ.. بازێک بە تاریکیدا

دهۆک-KDP.info- ناوەندی ڕۆشنبیریی لالش، لێدوانەکانی میری ئێزدییەکان لە جیهان(میرتەحسین بەگ)، کە لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئەلعەرەبییەدا کردنی، بە بازێک بە تاریکیدا ناو دەبات، ناوەندی لالش هاوکات ڕیدەگەیەنێ کە، کوردبوونی ئێزدییەکان بابەتێکە وابەستەی لێتوێژینەوەی زانستی و مێژووییە و ئەم پرسە هیی ئەوە نییە کە، ئەو کەسایەتییەی کە لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە لە سەرووی هەڕەمەکەوەیە، وەک پەرچەکردارێک ئاوەژووی بکاتەوە.
"میرتەحسین بەگ.. بازێک بە تاریکیدا" ناوونیشانی ئەو ڕوونکردنەوەیەیە کە ناوەندی لالش دەربارەی دوادیداری (میرتەحسین) لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە، خستویەتییە بەر باس و ڕایدەگەیەنێ، "هەوڵ بۆ حاشاکردن لە ئینتیمای کوردانی ئێزدی، ڕەنگە پێوەندی بە نیگەرانییەکانی جەنابی (ئەمیر)-ەوە بێ لەو کارەساتەی کە بەسەر خەڵکی ئێزدیدا هاتووە لە شنگال، بەڵام ناشێت ئەو نیگەرانییە بگاتە ئاستی پەرچەکرداری نزیک لە تۆڵەسەندنەوە، لەبەر ئەوە پێمان وایە کە، لێدوانەکانی (میر)، بە داخەوە هەڵوێست نین، بەڵکە بازێکە بە تاریکیدا."
لالش لەو ڕوونکردنەوەیەیدا کە وێنەیەکی بۆKDP.info ناردووە هاوکات ڕوونی دەکاتەوە، "دەبێ ئاماژە بدرێ بەوەی کە، ئینتیمای نەتەوەییی هەر توێژێک یان گەلێک، وابەستە و ملکەچی ڕای ئەو کەسایەتییە ناکات کە لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە لە سەرووی هەمووانەوەیە، بەڵکە ئەوە وابەستەی لێتوێژینەوەگەلێک و لێکۆڵینەوەی قووڵە کە لەسەر بنەمای بەڵگە و دەرهاوێشتەکانی بەها سەلمێندراوە زانستییەکان بنیات نرابێ و جێی باوەڕ بێ."
لالش دەپرسێ، "ئێمە دەپرسین، ئێزدییەکان لە چەند دەیەی ڕابردوودا چییان لە عێراق دەست کەوتووە، بێجگە لە ڕاگوازتن، عەرەباندن، ئەنفال و ستەمی بێ پاساو نەبێ؟ ئایا دەکرێ دۆخی ئێزدییەکان لە سەردەمی ڕژێمەکانی پێشووتری عێراق، بە دۆخی ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان بوون ساڵانی 1991 تا 2003-دا، بەراورد بکرێ، کە مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیان بۆ دەستەبەر کرابوو، هاوکات لە دۆخی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لێبووردەیی و برایانەی ئایینییدا دەژیان کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی وەک هەمیشە پێداگری لەسە بەردەوامیدان و قووڵکردنەوەی دەکرد."
ناوەندی لالش، سەرسوڕمانی خۆی لە لێدوانەکانی (میرتەحسین) نیشان دەدا و وەبیر دەهێنێتەوە کە، ناشێت کەس بیری چووبێتەوە کە (میر) 20 ساڵ لەمەوبەر و لە سەروبەندی دانوستانی بەرەی کوردستانی ئەوکات و حکوومەتی عێراقیدا، کاتێک داوایان لێی کرد ڕای دەربارەی بابەتێک بخاتە ڕوو، گوتی: من عەرەبی نازانم، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە ناسنامەی نەتەوەییی ئێزدییەکان کوردە و ئەمە پرسێکە هیی گفتوگۆ نییە.
هاوکات وەبیر (میر) دەهێنێتەوە کە، لەبەیاننامەی ئەنجوومەنی ڕۆحانیدا لە ساڵی 2005 کە جەنابی (ئەمیر) سەرۆکایەتیی دەکرد، تێیدا هاتبوو کە ئێزدییەکان لە نەتەوەی کوردن، ئەگەر هاتوو ڕاپرسیش کرا، لەسەر هەموو ئێزدییەکانیش پێویستە پابەندی کوردایەتییان بن، هەر لەوکاتەیشدا بوو کە ناوەندی لالش بە هێزەوە پشتیوامی لەو بەیاننامەیە کرد.
ناوەندی لالش هەروەها ڕایدەگەیەنێت، "ئێمە شانازیی بە ئینتیمامان بۆ کورد دەکەین، جەخت دەکەینەوە کە، شەرەفمەندین بەوەی کە بە کوردی ڕەسەن ناومان دەبەن، چونکە بە کردەنی ئێمەین کوردی ڕەسەن. بەڵام ئەوەی کە بەو ناوبردنە نیگەران دەبێ و هەوڵ دەدا موزایەدە بکات، ئێمە نایخەینە بەر ڕەخنەوە، چونکە ئەو ناتوانێ بە بەڵگەی مێژوویی کاریگەری بەسەر بڕوای پتەوی ئێمەوە هەبێ و یاری پێوە بکات."
دەقی ڕوونکردنەوەکەی ناوەندی لالش لە بەشی عەرەبیی ماڵپەڕەکەمان بخوێنەوە..
زریان زیاد




