هێشتا فەرماندەکەی دیاری نەکراوە.. ھێزی پشتیوانیی پێشمەرگە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دەچێتە کۆبانی

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بە ھەوڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە توانی تورکیا و وڵاتانی ھاوپەیمان رازی بکات بۆ ناردنی ھێز بۆ کۆبانی، بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، ھێزی پشتیوانیی پێشمەرگە، بە چەکی قورسەوە بگاتە کۆبانی.
(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) بە kdp.infoی راگەیاند: لە ئێستادا ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ چوونی ھێز بۆ کۆبانی، ژمارەیان 155کەسە و ھێزێکی پشتیوانییە، بەڵام بە چەکی قورسەوە"، گوتیشی کە، ئەم جۆرە ھێزە، لەسەر داواکاریی رۆژئاوای کوردستان بوو".
دەربارەی وادەی چوونی ئەو هێزەیش بۆ کۆبانی، (عەمید ھەڵگورد حیکمەت) گوتی، "بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ھێزەکەی پێشمەرگە بەرەو کۆبانی جووڵە بکەن و، لە خاکی تورکیایشەوە دەچنە ئەو شارە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها دەڵێ، "تا ئێستا فەرماندە و سەرپەرشتیاری ئەو ھێزەی کە وەها بڕیارە بچێتە کۆبانی، دیاری نەکراوە".
(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) ڕوونی کردەوە، "چوونی ھێزی پێشمەرگە و ھاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان بە ھەوڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە، چونکە ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی ھاوپەیمان کردووە و لەگەڵ سەرکردایەتیی رۆژئاوای کوردستان دانیشتنی کردووە، ئەمەیش ھەمووی بە رۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە."
شیاوی باسە، ئێوارەی چوارشەممەی ڕابرد، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، کە بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو، بە دەنگی کۆی پەرلەمانتاران بڕیار درا، هێزی پێشمەرگە، بۆ هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕەوانەی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان بکرێت.
بڵند یبراھیم




