فایەق گوڵپی: هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێم نەتەوەییانە و لە بەرژەوەندیی گەلی كورددان

هەولێر-KDP.info- کەسایەتیی سیاسی(فایەق گوڵپی) ڕایدەگەیەنێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر ڕاشكاوانە هەڵوێستی نەتەوەیی نیشان داوە و وەك هەمیشەیش هەنگاو و كارەكانی بێوێنە بوون كە هەمووی لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بوون. دەشڵێت، كورد ئەوەی لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەوێت كە هەموو پێكەوە یەكگرتوو بن و گرینگی بە كێشە و ناكۆكییە حزبییەكان نەدەن.
(فایەق گوڵپی) کە پێشتر سکرتێری پارتیی چارەسەری دیموکراتی کوردستان بووە، بە KDP.info-ی ڕایگەیاند، دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە و ئەو شەڕانەی بەسەر كورددا سەپێندران، هەروەها بەرگریی كورد لە بەرانبەر هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای كوردستان، پێگەیەكی ناوچەیی و نێونەتەوەیی بۆ گەلی كورد دروست بوو كە هێزێكە بە جیددی دژی تیرۆر دەوەستێتەوە.
بڕوایشی وایە كە، ئەو یەكیەتی و رێككەوتنەی لە نێوان كورداندا دروست بوو كە كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا و لە هەر شوێنێك پێویستی بە خەبات و قوربانیدان بوو، لەو شوێنە ئامادەن و بە باكوور و باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتەوە، هەموویان پێكەوە خەبات دەكەن، بۆ ئێستا و داهاتوو هەنگاوێكی مێژوویی و گرینگە.
(د. گوڵپی) دەشڵێت، "رێككەوتنی نێوان هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان كە بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا، خاڵێكی گرینگ و باش بوو، ئەوەیش جێی دڵخۆشی بوو كە پەرلەمانی كوردستان هەموو كانتۆنەكانی رۆژئاوای بە فەرمی ناسی و بڕیاری دا كە هاوكاریی كۆبانی بكرێت، ئەمانەیش هەمووی یەكیەتیی نەتەوەیی لەنێوان كورددا پتەو دەكات و لە هەمان كاتیشدا هێزێكی هاوبەشی كوردی دروست دەكات، ئاشكرایشە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم نزیكبوونەوانەی كوردی پێ گرینگە كە دەبنە هۆكارێك بۆ ئەوەی مافەكانی لەبەر چاوبگیرێن و ددانیان پێدا بنرێت".
لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە، "كورد پێگەیەكی گرینگی لە دژایەتیكردنی تیرۆردا هەیە كە لە ساڵی 2001 بە دواوە تا ئێستا ستراتیژی یەكەم و هەرەگرینگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دژایەتیكردنی تیرۆرە، ئەمڕۆیش گەلی كورد شوێنێكی زۆر گرینگی لە دژایەتیكردنی تیرۆردا گرتووە".
ئاماژەیشی دا، "لە سەرەتاوە هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) ڕوون و نەتەوەییانە بوو كە سەردانی گەریلاكانی پەكەكەی لە مەخموور كرد و ڕاگەیەندراوێكی لەسەر كۆبانی دەركرد و كاری جیددی بۆ كرد، لە لێدوانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشەوە ئەوە دەركەوت كە سەرۆكایەتیی هەرێم پەیوەندیی بە هێزە هاوپەیمانەكانەوە كردووە بۆ ئەوەی بە هانای كۆبانییەوە بچن، هەروەها ئەم بڕیارەیش كە پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بۆ ڕەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، ئەمانە هەموو خاڵی گرینگن كە بە راستی كورد ئەوەی لە سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و سەرۆككۆماری عێراق و هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە گشتی دەوێت، كە هەموو پێكەوە یەكگرتوو بن و گرینگی بە كێشە و ناكۆكییە حیزبییەكان نەدەن و لەبری ئەوە، بایەخ بە پرسە نەتەوەییەكان و ئەوانەی كە لە بەرژەوەندیی گەلی كورددان، بدەن".
گوتیشی، "ئەم سیاسەتی یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییە، دڵی سەرجەم گەلی كوردی خۆش كردووە و هیوادارین ئەم جۆرە سیاسەتانە بەردەوام و گەشەكردووتر بن، هەر بەو هەنگاوانەیش ئەو هێز و لایەنانەی كە ڕۆڵی باڵایان لە بەرەوپێشچوونی ئەو سیاسەتەدا هەیە، زیاتر رێز و پێگەی گەلی كورد لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا مسۆگەر دەكەن".
جەختیشی كردەوە كە، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر ڕاشكاوانە هەڵوێستی نەتەوەیی نیشان داوە و شتێكی نەگوتووە كە دڵی هیچ لایەك ناڕەحەت بكات، هەروەها (سەرۆك بارزانی) وەك هەمیشە هەنگاو و كارەكانی بێوێنە بوون كە هەمووی لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بوون و دڵی خەڵكیشی خۆش كردووە".
KDP.info




