٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

BBC : پێشمەرگە بە هۆی شنگالەوە شەڕی دژ بە داعشی دەست پێ كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەپێی راپۆرتێكی شیكاریی تۆڕی میدیاییBBC کە دوێنێ بڵاوی کردووەتەوە، جەنگی كورد لە دژی داعش لەو كاتەوە سەری هەڵدا، كە "لەلایەن داعشەوە پەلاماری شنگال درا و بە سەدانهەزار كوردی ئێزدی لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون، ئەو كاتە پێشمەرگە بە هاوكاریی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، راستەوخۆ بەرپەرچی داعشی دایەوە"، كە تا ئێستایش شەڕەكە بەردەوامی هەیە و پێشمەرگەیش لە سەرجەم سنوورەكانی جەنگدا لە سەركەوتندایە.

كوردەكان كێن؟
لە راپۆرتەكەیBBC-دا، هاتووە "ژمارەی دانیشتوانی كورد 30 ملیۆن كەسە و لە ناوچە شاخاوییەكانی توركیا، عێراق، سووریا، ئێران و ئەرمینیا، نیشتەجێن  و چوارەم نەتەوەی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوڕاستن و دەوڵەتی سەربەخۆیان نییە"، بەڵام لە باشووری كوردستان خاوەن هەرێمێكن كە ناسنامەی دەستوورییان هەیە و پێشكەوتنی زۆریان لە رووی ئابووری و سیاسی و بوارەكانی دیكەدا بە دەست هێناوە، لە توركیایش كوردەكان لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمیدان.

بۆچی كورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە؟
BBC، نووسیویەتی، "لە سەدەی رابردوودا، سەدەی بیستەم، لە ساڵی 1920 بەڵێنێكی نێودەوڵەتی هەبوو كە كورد ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ واتە لە 1923 دوای نەخشەكێشانی رێكکەوتتنامەی لۆزان (بەپێی رێككەوتنامەی لۆزان كورد رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كرا) و دانانی سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ، نەخشەكێشانی دەوڵەتی كوردی هەڵوەشێندرایەوە"، بەڵام لە ئێستادا (سەرۆك بارزانی)، پەرلەمانی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە كە بە پرۆژەیاسایەك بۆ پرسی راپرسی، سەربەخۆیی كوردستان دابڕێژن و بیخەنە بەرنامەی كاریانەوە، تا خەڵكی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

بۆچی پێشمەرگە شەڕی داعشی كرد؟
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیBBC-دا، ئاماژە دراوە كە جەنگی كورد لە دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) لە سووریا دەستی پێ كرد، دواتر داعش نەخشەكەی گۆڕی بۆ عێراق و لە مانگی 7ـی ئەمساڵدا هێرشی كردە سەر مووسڵ و داگیری كرد. لەو كاتەدا كورد لە هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە پاراستنی سنوورەكانیان لەگەڵ داعش و ناوچە ئیدارییەكانی دەرەوەی كوردستانیان لە مەترسی داعش پاراست. لە دەستپێكدا شەڕ لەنێوان پێشمەرگەو داعش بە شێوەیەكی راستەوخۆ نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی كە داعش هێرشی كردە سەر ئێزدییەكان لە شنگال، بە سەدانهەزار كوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەرگری كرد و راستەوخۆ كەوتە جەنگی دژ بە داعشەوە. دوای ئەو قۆناخە لەلایەن ئەمەریكا و و وڵاتانی ئەورووپاوە بە رێگەی ئاسمانی، دەست كرا بە لێدانی داعش لەو ناوچانەی دەیەویست پێشڕەوی بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بكات.
جێی ئاماژەیە بە گوێرەی دوایەمین زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشمەرگە لە سەرجەم سەنگەرەكانی جەنگدا لە دژی داعش، لە سەركەوتندایە و هاوكات پێشمەرگە لە بەرنامەیدایە كە شنگال جارێكی دی ئازاد بكاتەوە.

شاو کوردی

هەواڵی پەیوەندیدار