قاسم شەشۆ: ئەوانەی لە شنگال شەڕ دەكەن، پێشمەرگەی پارتی و بارزانین.. 100 چەكداری داعشمان كوشتوون

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی پێشمەرگە سێ رۆژە بەردەوام لە شەڕدان و گورزی كوشندەیشیان لە داعش وەشاندووە. دەشڵێت، تا ئێستا نزیكەی 100چەكداری داعش كوژراون.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "پێش دوو رۆژ لە ناوچەی شێخ شەرەفەددین داعش هێرشی كردە سەر ئێمە و شەڕێكی قورس ڕووی دا، هێزی پێشمەرگەیش بە هانای ئێمەوە هاتن و گوتیان ئەگەر هەمەرەكانیان بەسەر لاشەی ئێمەدا بچن، ئەگینا رێگە نادەین مەزاری شێخ شەرەفەددین بگرن و شەوێكیش لای ئێمە مانەوە و دواتر لەسەر داخوازیی ئێمە، چوونەوە شوێنەكانی دیكە".
(شەشۆ) گوتیشی، "لە كاتی هاتنی هێزی پێشمەرگەدا، چەك و پێداویستییان بۆ ئێمە هێنابوو و هەموو هاوكارییەكی ئێمەیان كرد".
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال ڕوونیشی كردەوە، هێزی پێشمەرگە بەردەوام لە شەڕی داعشدان و ئەوەی كە شەڕیش دەكات، پێشمەرگەكانی پارتین لە شنگال، ئەوەی باسیش لەوە دەكات كە پێشمەرگە وەک پێویست ئامادەیی نییە، هیچ بنەمایەكی نییە و لە ڕاستییەوە دوورە".
ئەو زیاتر گوتی، لە سێ رۆژی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش كوژراون كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 100چەكدار.
ئەو فەرماندەیە ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "هەر ئەمڕۆ هێزەكانی ئێمە لە مەفرەقی مەزاری شێخ شەرفەددین، هەمەرێكی چەكدارانی داعشیان تێك شكاند".
گوتیشی، "ئێمەی كوردی ئێزدی و هێزەكانی پێشمەرگە، هەموومان پێشمەرگەی پارتی و بارزانین و هەر ئەوانەیشن ئێستا لە شنگال شەڕی داعش دەكەن و هیچ هێزێكی دیكەی لێ نییە".
بڵند ئیبراهیم




