٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فه‌ره‌نسا هاوكاریى زیاترى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی وکردستان، باڵیۆزى نوێى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق، ڕایگه‌یاند فه‌ره‌نسا له‌ هاوكاریكردنى سه‌ربازى و مرۆیى بۆ كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانى زیاتر ده‌كات، له‌و میانه‌شدا چه‌ند ئێن جى ئۆیه‌كى فه‌ره‌نسى بۆ یارمه‌تیدان و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى مرۆیى به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان.‌

ئەم قسانەی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، لەو دیدارەدابوو کە ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى) لەگەڵ ئەو و شاندێكى یاوه‌ریدا سازی دا.

لەو‌ دیدارەدا باڵیۆزى نوێى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق، خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى كوردستان نیشان دا و جه‌ختى له‌ په‌ره‌پێدان به‌ په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌ى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى كۆنه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى دۆستانه‌ دامه‌زراوه‌، به‌هاناوه‌چوونى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستانیشى بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، به‌ مایه‌ى سوپاس و پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا و ڕایگه‌یاند فه‌ره‌نسا له‌ هاوكاریكردنى سه‌ربازى و مرۆیى بۆ كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانى زیاتر ده‌كات، له‌و میانه‌شدا چه‌ند ئێن جى ئۆیه‌كى فه‌ره‌نسى بۆ یارمه‌تیدان و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى مرۆیى به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان.‌ هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانى سه‌نته‌رى كولتووریى فه‌ره‌نسى له‌ هه‌ولێر.

بارودۆخى ئه‌منى و سه‌ربازى له‌ عێراق و پرۆسه‌ى سیاسیى وڵاته‌كه‌، له‌گه‌ڵ گرینگیى به‌شداریكردنى كورد و سوننه‌ له‌ حكوومه‌تى تازه‌ى عێراقدا و دروستكردنى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ جه‌نگى دژى تیرۆر و باوردۆخى كۆبانێ، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه ‌بوو. هه‌ردوولاش له‌سه‌ر پێویستیى ‌دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخى مووسڵ و ڕزگاركردنى له‌ تیرۆرستان هاوڕا بوون، تا ببێته‌ هانده‌رێك و ده‌رفه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئاواره‌ بۆ سه‌ر زێد و شوێنه‌كانى خۆیان بێته‌ ئاراوه‌.‌

لاى خۆیه‌وه‌ (نێچیرڤان بارزانى) ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌وپه‌ڕى بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ده‌ڕوانێت و سوپاسى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ردانى به‌ڕێز فرانسوا هۆلاند سه‌رۆکكۆمارى فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ولێر دووپات كرده‌وه،‌ كه‌ وه‌ك پشتگیرییه‌كى سیاسیى مه‌زن بوو بۆ هه‌رێمى كوردستان. خواست و ئاره‌زووى كوردستانیشى بۆ په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى.

له‌ كۆتاییى دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیران، تیشكى خسته‌ سه‌ر خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و جه‌ختى له‌سه‌ر‌ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان بۆ حكوومه‌تى (عه‌بادى) كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێرى له‌گه‌ڵ تاران و ئانکارا به‌ گرینگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار