پەرلەمانی کوردستان ڕەوانەکردنی هێزی پێشمەرگەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە کۆی دەنگ پەسند کرد

هەولێر-KDP.info- لە دانیشتینی ئەم ئێوارەیەی پەرلەمانی کوردستاندا، کە لەسەر پێشنیازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) بوو، تا ڕەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بخەنە بەر باس، بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران، دەستەڵات درا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرمان بۆ ڕەوانەکردنی هێز بۆ کۆبانی دەر بکات.
لە میانی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار کورد بۆ پشتگیرکردن لە گەلی کورد بۆ پارچەکانی دی، بڕیاری ڕەوانەکردنی پێشمەرگەی دا.
گوتیشی، پێشتر قەدەری کورد وابووە، کە هێزی دی بۆ داگیرکردنی کورد جووڵێندراوە، بەڵام ئەوا لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ و مێژووییدا، کورد بڕیاری ڕەوانەکردنی پێشمەرگەی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی پارچەیەکی دیکەی کوردستان دا.
دەقی بڕیاری ژمارە(28)-ی ساڵی 2014
پاڵپشت بە حوکمی بڕگە (یەک) لە ماددەی(56)-ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەموار کراو، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەی یازدەیەم لە ماددەی(10)-ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە(1)ی ساڵی 2005 هەموار کراو، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە (7)-ی ڕۆژی 22-10-2014 ئەم بڕیارەی دا:
یەکەم: ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر ناردنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگری لە کۆبانی.
دووەم: لەسەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لایەن پەیوەندارەکان پێویستە، حوکمەکانی ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن.
سێیەم: ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە لە 22-10-2014 جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە.
هۆیەکانی دەرچوواندن
لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەی (یازدەیەم)-ی ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە(1) ساڵی (2005) هەموارکراو، بەپێی ئەو دەستەڵاتەی پێی دراوە بۆ جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندی پەرلەمانی کوردستان و بە مەبەستی پاراستنی ئاساییشی نیشتیمانی لە مەترسییەکانی تیرۆر بە تایبەت کردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەوپێیەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاری تیرۆر، وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ژمارە (24) لە 15-10-2014 ئەم بڕیارە دەرچووێنرا.
یووسف محەممەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
22-10-2014
زریان زیاد




