٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پزیشک و چالاکوانان: داعش چەکی قەدەخەکراوی لە کۆبانی بە کار هێناوە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  چالاکوانان جەخت دەکەنەوە کە، تیرۆریستانی داعش، دوێنێ سێشەممە، چەکی فسفۆڕ و گازی ژەهراویی قەدەخەکراویان لە کۆبانی بە کار هێناوە.
(مستەفا عەبدی)ـی چالاکوان، لە پێگەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، "نەخۆشخانەی مەیدانیی کۆبانی، جەختی کردووەتەوە لە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."
(وڵات عومەر) کە پزیشکێکی ئەو نەخۆشخانە مەیدانییەی کۆبانییە دەڵێ، "بەپێی نیشانەکان دەرکەوتووە کە دوێنێ سێشەممە، تیرۆریستانی داعش، جەکی فسفۆڕیان بە کار هێناوە، چونکە ئەوانەی کە بەو چەکانە پێکراون: پشوویان تەنگ بووە، سیکەسیک لە سییەکانیان دێ، سووتان و فرمێسک لە چاوانیان دێ، پێستیان سوور هەڵگەڕاوە و خورانیان هەیە، گرفت لە هەناویاندا دروست بووە و چەندان نیشانەی دی.." ئەمە وەک ئەوەی (عەبدی) بڵاوی کردووتەوە.
(ئازاد شەریف)ـی پزیشکیش دەڵێ، "بەپێی ئەو نیشانانەی کە (دکتۆر وڵات) لە نەخۆشخانەی موەیدانیی کۆبانیوە ئاماژەی پێیان داوە و بەپێی وێنەکانیش، ئەو ماددە کیمیاییەی کە دوێنێ داعش لە کۆبانی بە کاری هێناوە، کلۆرە، ڕژێمی سووریایش پێشتر لە چەند ناوچەیەک بە کاری هێناوە."
بەپێی هەواڵێکی "جەزیرە تورک"ـیش بە ناوی داعش و ئەگەری بەکاربردنی ماددەی کیمیایی لە کۆبانی، لەەبر ڕۆشنایی ئەم هەواڵە، چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کۆمەڵە وێنەیەکیان بڵاو کردوونەتەوە کە، هەندێ کەس نیشان دەدەن کە لە کۆبانی شەهید بوون و شوێنەواری ماددەی کیمیاییان بە جەستەوە دیارە.
کەناڵی فۆکس نیوازی ئەمەریکاییش هەندێ وێنەی شەهیدانی کۆبانی بڵاو کردوونەتەوە و نیشانی دەدات کە داعش چەکی کیمیایی دژ بە بەرگریکارانی ئەو شارەی بە کار هێناوە کە، ئەو مەترسییەی وەبەر هێناوە لەوەی داعش دەستی بەسەر وێستگەیەکی کۆنی (سەددام حوسێن)ـدا گرتبێ، ئەمە بەپێی چاودێریک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
وەک باس دەکرێ، بەکاربردنی چەکی کیمییی لە لایەن داعشەوە بەرانبەر بە کۆبانی، پاش مانگێک لە هێرشێکی داعش دێ بۆ سەر کۆمەڵگەی موسەننای عێراق، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، لە ساڵانی هەشتاکاندا چەکی کیمیایی لی بەرهەم دەهێنا و هەر بەو چەکەیش ساڵی 1988 هەڵەبجەی پێ بۆردوومان کرد.
نووسەری گۆڤاری "میریا"، بە فۆکس نیوزی گوتووە، شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە، "ئەو کوردانەی ک لە مانگی تەممووزدا کوژراون، وەها پێدەچێ بە هۆی گازی خەردەلەوە بووبێ"، دەشڵێ، "شارەزیان باوەڕیشیان وایە کە، ئەو چەک لە 22-ی مانگی تەممووز لە هوندی ئەڤدیکۆی نزیک کۆبانی بەکار برابێ، کە ئێستا شەڕێكی سەخت تێیدا بەرپا بووە."

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار