بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتن، هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا کۆ دەبنەوە

دهۆک-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان رێککەوتنی نێوانیان ئیمزا بکەن و بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)ـدا کۆ دەبنەوە.
ئەندامی شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (نەشئەت زازا) بە Kdp.infoی راگەیاند: "هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان لەبارەی سێ خاڵ گەییشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانیان کۆتایی پێ دێنن و پێویستیشە ئەو رێککەوتنە لە ماوەی دوو مانگدا جێبەجێ بکرێت."
(نەشئەت زازا) گوتیشی، "وەها بڕیارە هەر ئەمڕۆ، بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی کۆتایی، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆ ببنەوە."
هەڵبەت (زازا) ئامادە نەبوو وردەکاریی رێککەوتنەکە ئاشکرا بکات، چونکە وەک ئەو گوتی، بڕیارە دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن و وردەکارییەکان بخەنە ڕوو.
شیاوی باسە هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا، لە شاری دهۆک چەندان کۆبوونەوەیان ساز داوە، کە ئامانج لێی نزیکبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنە بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان، پێکهینانی هێزێکی هاوبەشی سەربازی، دیاریکردنی مەرجەعێکی سیاسی بووە.
بڵند ئیبراهیم




