لایەنە سیاسییەکان، بەحیزبیکردنی هاوکاریی حکوومەت بۆ کۆبانی، بە ڕەوا نابینن

ھەولێر-KDP.info- لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی کە، بەحیزبیکردنی هاوکاری و دەستکەوتی حکوومەت کە هیی نەتەوەیەکە، بە ڕەوا نابینن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە، ئەم بیرکردنەوەیە، لە بیرتەسکییەوەیە و زیان بە یەکڕیزی، پێشووەچوونی کوردستان دەگەیەنێ و لە بەرانبەر بە دنیایش لەتکراو نیشانمان دەدات.
دوێنێ دووشەممە، هەرێمی کوردستان بڕێکی چەک و تەقەمەنی و پێداویستیی پزیشکی بۆ بەرگریکارانی کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوانە کرد و ئەمەریکایش وەک ڕابەری ئەو هاوپەیمانەتییەی دژ بە داعش دەکات، بە فڕۆکە بارهەڵگرەکانی خۆی گەیاندوونی و دواتر ڕیشیگەیاند کە، هاوکارییەکان هیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام یەکێتیی نیشتیمانی لە بەیاننامەیەکی فەرمیی حیزبەکەیدا، ئەو هاوکارییەی بەحیزبی کرد و دەڵێت، ئەمە ئەوان ناردوویانە و لە پاشەکەوتی یەکێتی بووە، نەک بە ناوی حکوومەت و گەلی کوردستانەوە بووبێت، ئەم ڕاگەیاندنەی یەکێتییش لە کاتێکدایە کە، بەرپرسانی کانتۆنی کۆبانی و فەرماندەکانیشیان لەو شارە بە هەمان شێوەی ئەمەریکا دەڵێن، ئەم کۆمەکە لە هەرێمی کوردستانەوە و بە ناوی حکوومەت و گەلی کوردەوە نێردراوە و لەو ڕووەوەیش پێزانینی خۆیان بۆ گەل و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە لەوەتەی مەترسیی تیرۆر بەرۆکی ئەوانی گرتووە، لە هەوڵەکانی بۆ هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و بە تایبەت کۆبانی، درێخی نەکردووە.
43 حیزب، ھەڵوێستی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنن.. هاوکارییەکان بە هیی هەرێم دەزانن
سکرتێری پارتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (غەفوور مەخمووری) پێوەست بەم پرسە بە kdp.infoی راگەیاند: "ئێمە وەک 43 حیزب، ھەڵوێستی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، لەبەر ئەوەی لە سەرەتای دروستبوونی شەڕ لە کۆبانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ ھێزی ھاوپەیمانان لە پەیوەندیدا بوو و بە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو، فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان داعشیان لەو ناوچانە بۆردوومان کرد و ھاوکێشەی شەڕ بۆ بەرژوەندیی کورد گۆڕدرا."
(مەخمووری) گوتیشی، پێویستە ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆبانی بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە بێت، نەک حیزبێک و ھەر ھاوکارییەکیش لێرەوە بڕواتە رۆژئاوای کوردستان، ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش ئەرکێکی نیشتیمانییە و ھیچ منەتی نییە."
سکرتێری پارتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، روونیشی کردەوە، "ئێمە وەک 43حیزبی کوردی لە ھەوڵی ئەوەداین یەکریزیی کوردی بپارێزرێت و، تەواوی ئەو حیزبانە داوایان کردووە بە ناوی کورد بەھانای کۆبانیوە بچین، نەک بە ناوی حیزبێک، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو پرسە وەک پرسێکی نیشتیمانی بکرێت، بۆیە پێویستە ھاوکارییەکان بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە بێت، نەک ھیچ حیزبێکی دیاری کراو."
ئەم بەرتەسکردنەوە و کەمکردنەوەی هاوکاریی حکوومەت و گەلی هەرێمی کوردستان بۆ براکانیان لە کۆبانی، لە لایەن یەکێتییەوە، هاوکاتە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئیدیعای ئەوان، هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دیموکرات(ساڵح موسلیم)، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەو چەکە هیی کوردە، کوردیش بۆ کۆبانیی ناردووە، وەک هاوکارییەک بۆ کۆبانی، سوپاس بۆ حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت(سەرۆک بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ڕۆڵی گرینگی لە گەیاندنی ئەو چەکەدا هەبووە بۆ کۆبانی و ئێمە سوپاسی دەکەین."
ئەو بۆ ڕۆژنامەنووسان هاوکات جەختی کردەوە کە، "ئەو چەکانەی گەیەنراونەتە کۆبانی، لە لایەن کۆی هێزە سیاسییەکانەوە بووە."
بەحیزبیکردنی هاوکارییەکانی حکوومەت و نەتەوەیەک ئەو پرسەیە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان(فەرھاد ساڵح) بۆ kdp.info لەبارەیەوە دەڵێ، "پێویستە ھاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان لە ڕووی چەکەوە لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بێت و حکوومەت بتوانێ لەو قۆناخەدا بە ئەرکەکانی ھەڵبستێت، چونکە ھەموو لایەنەکان لەو حکوومەتە بەشدارن."
کۆمەڵی ئیسلامی: ناکرێت ناردنی چەک بکرێتە ھیی حیزبێک
لەلایەکی دیکەیشەوە ئەندامی سەرکردایەتێی کۆمەڵی ئیسلامی (سەلیم کۆیی) بۆ kdp.infoگوتی، "گەورەترین گرفتی ھەرێمی کوردستان بەحیزبیبوونە لە کۆمەڵە شتێک، چونکە دەکرێت لە خزمەتکردن رۆڵی خۆیان ببینن، بەڵام لە پرسی نیشتیمانی و نەتەوەیی، کە وڵاتان ھاوکاری و پشتگیریی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ناکرێت ئێمە پرسەکان بەحیزبیی بکەین."
(سەلیم کۆیی) ئەوەشی خستەڕوو، "ناکرێت ناردنی چەک بکرێتە ھیی حیزبێک، لەبەرئەوەی چەک بەشێکە لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە کە وڵاتان ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان دەکەن، باس لە ھیچ حیزبێک ناکەن، بەڵکو پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە ئێمە بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوکاریی رۆژئاوای کوردستان دەکەین."
(کۆیی) گوتیشی، "بەو شێوەیە ناکرێت ھەر لایەنێک بۆ خۆی بیکات، چونکە ناگەینە ھیچ ئەنجامێک، بەتایبەتی ئەو پرسە پرسێکی گەورەیە، پێویستە بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە بێت و ناکرێت حیزب چەک و تەقەمەنی ھەبێت و ئەو کارە بە ناوی خۆی بکات."
ھەڤال ئەبوبەکر: بەحیزبیکردنی دەستکەوتی حکوومەت، بە ڕاست نازانم
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (ھەڤال ئەبوبەکر) بە kdp.info-ی باوەڕی وایە: "بە درێژایی مێژوو ئەوەی درز و کەلێنێکی کردووەتە ناو ئەجێندای سیاسیی کوردەوە، ئەوە بووە کە یەکریزیی لاواز بووە یاخود حیزبێک پێی وا بووە کە ئەوەی ئەو دەیکات راست بووە، بۆیە لە ھەرکاتێکی دیکە ئەمڕۆ کورد پێویستی بە یەکریزی ھەیە و، ستراتیژی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئامانجی نیشتیمانی دیاری بکات و، کۆتایی بە ئامانجی مۆدێلی حیزبی بێنێت و، پێویستە نیشتیمان و خەڵک ببێتە ستراتیژی نەتەوەیی ئێمە، نەک ستراتیژی نەتەوەیی لە بەرژوەندیی حیزب بێت."
(ھەڤال ئەبوبەکر) زیاتر گوتی، "ھیوادارم ھەر لایەنێک بەشدارە لە رووبەرووبوونەوەی دوژمنانی کورد، ھەرکارێک بکەن بە ناوی کوردەوە بیکەن، چونکە ئەوەی دەمینێتەوە ئەو کوردستان و نیشتیمانەیە و ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی ئێمە دەمینێتەوە، بۆیە بەم شێوەیە کورد بەھێز دەبێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆران لە پارێزگای سلێمانی ھێمایشی بۆ ئەوە کرد، "لە ھەموو جیھان ئەوەی بووە بە ناوی ئێمە و ئەو ئاڵایەی بووە، بۆیە دەبێ ھەموومان خۆمان بە بەشێکی خزمەتکار لە بەرجەستەکردنی ئەوانە بزانین، چونکە لە ئێمە گەورەتر نیشتیمانەکەمانە و شەھیدەکانمانن، بۆیە ئەگەر شەھیدەکانمان و قوربانیدانمان و کۆمەک و پشتیوانەکانمان لەت کردن، ئەوکات چەند پشتیوانی بەھێز بێت، ھەرلاواز دەبین."
(ئەبوبەکر) ئەوەشی ڕوون کردەوە، "لەئێستادا بە هۆی حکوومەتەوە لە ڕووی سیاسی و ئیداری و یاساییەوە، کەسایەتییەکی مەعنەوی بۆ کورد دروست بووە، حکوومەت، گوزراشتکەرە لە ئێمە و، دواجار ھەر شتێک حکوومەت بیکات لە بەرژوەندیی ھەموو خەڵکی کوردستانە، بۆیە پێویستە ھەموومان لە ھەوڵی پشتیوانیکردنی ئەو حکوومەتەدا بین، لەبەر ئەوەی چەند بەھێز بین زیاتر بەھێزی دەکەین و چەند لاواز بین زیاتر لاواز دەبێت."
سەبارەت بەوەی لایەنێک باس لەوە دەکات ئەوان چەکیان ناردووە بۆ کۆبانی، ئەو گوتی، "ئەوە بە راست نازانم، لەبەر ئەوەی ناوماڵی کورد لە ھەر شوێنێکی دنیا، ئێمە بە لەتکراوی پێشان بدەین، چونکە پێویستە ھەر پشتیوانییەک بکەین لە چوارچێوەی حکوومەتی ھەرێم بیکەین."
بڵند ئیبراھیم




