یڵدز: 25ـهمین کەشتیی نەوتی کوردستان بار کرا.. ئێستا240 ھەزار بەرمیل ڕەوانە دەکرێ

ئانکارا-KDP.info- وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا (تانەر یڵدز) ڕایگەیاند: "بڕیار بوو رۆژانە 100 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان روانەی بەندەری جەیھان بکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێژەیە بۆ 240 ھەزار بەرمیل زیادی کردووە و دوێنێیش 18 ملیۆن بەرمیل نەوت روانەی بازاڕەکانی جیھان کراوە و 25ـهمین کەشتییش بار کرا. "
(یڵدز) بۆ کەناڵی ئێن تی ڤیی وڵاتەکەی گوتی: "ھەبوونی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ و دەورووبەری کەرکووک کاریگەری لەسەر پڕۆژە جیاکان لەو ناوچەیە کردووە، بەڵام ناردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا و روانەکردنی بۆ بازاڕە جیھانییەکان بەبێ کێشە بەردەوامە."
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ڕوونی کردەوە، "چەند کێڵگەیەکی نەوتی سەرەتا کەوتبوونە دەستی داعش، بەڵام لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کراونەتەوە و ئەمەش بووەتە ھۆی زیادبوونی رێژەی ھەناردەکردنی نەوت كه پێشتر رۆژانە 100 ھەزار بەرمیل روانە دەکرا، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 240 ھەزار بەرمیل زیادی کردووە و دوێنێ نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت بار کراوە و 25ـهمین کەشتییش بەڕێ کەوتووە و بۆ ئەوەی بەبێ کێشە و گرفت بگاتە شوێنی مەبەست و بههاکەی 1.5 ملیار دۆلارە."
زیاتر گوتی، لەم رۆژانەدا کە پێویستیی عێراق بە داھاتی زیاتر ھەیە، تورکیایش ئامادەیە حەوت ئەوەندەی ئەو رێژەیە کە لەم رۆژانە ھەناردە دەکات، بنێرێته بازاڕهكانی جیهان.




