شێخ جەعفەر: پێویستمان بە فڕۆكەی شەڕكەر هەیە.. لە قەرەتەپەوە تا ڕەبیعە داعش تێك شكاوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاماژە بە تواناكانی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا دەكات. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، پێشمەرگە پێویستی بە هەموو جۆرە چەكێك هەیە.
ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە (شێخ جەعفەر مستەفا)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "هاوكاریی هێزی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە زۆر باش بووە، پێشمەرگەیش ئاڕاستەی شەڕەكەی لەگەڵ داعشدا گۆڕیوە، لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن، بۆ ئەوەی بتوانین زۆر ناوچە ئازاد بكەین و بیانگەڕێنینەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەبێ پشتیوانیی ئەوان ئەو سەركەوتنە بەرچاوە بەدەست نەدەهات، هەرچەندە هاوكارییەكان وەك پێیوست نەبوون، چونكە ئەگەر وەك پێویست بوونایە سەركەوتنی یەكجار گەورە بە دەست دەهات، بۆیە ئەو هاوكارییەی هاوپەیمانان بەرز دەنرخێنین و بە دەستكەوتی گەورەی دەزانین".
دەربارەی پێویستیی پێشمەرگە بە جۆری ئەو چەكانەی لە وەرزی زستاندا لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێی دەدرێت، (شێخ جەعفەر) دەڵێت، "پێشمەرگە پێویستی بە هەموو جۆرە چەكێك هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە، چەكی مامناوەند و قورس، هەمەر و دەبابە و تەنانەت زۆر پێویستە هەلیكۆپتەر بۆ پێشمەرگە دابین بكرێت".
دەشڵێت، "ئەگەر لەم وەرزەدا بچینە شەڕەوە، دەبێت پلانی سەربازیمان هەبێت و مەترسیی شەڕ لە كوردستان دوور بخەینەوە، بۆیە دەبێت هێزی پێشمەرگە هەموو چەكێكی هەبێت".
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە، لەبارەی ئامانجی هێرشەكانی داعش لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، گوتی، "داعش هەمیشە لە كاولكاری و كردەوەی وەحشیگەریی خۆیان نەوەستاون و لە زۆربەی شوێنەكان پەلاماری پێشمەرگەیان داوە، بەڵام لە هەموویاندا شكستیان هێناوە، ئەوان ترساون و دەزانن پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەوەی زەبری كوشندەیان لێ بدات، بۆیە دەیانویست پێشمەرگە سەرقاڵ بكەن و توانای شەڕی كەم بكەنەوە، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و لە قەرەتەپەوە تا ڕەبیعە كە 16 سەعات شەڕ بووە، لە سەرجەم شەڕەكاندا داعش تێك شكاوە و زیانی گەورەیان بەر كەوتووە، ئەمەیش تەواو ئەوە نیشان دەدات كە ستراتیژییەتی داعش بەرانبەر بە هێرشبردن بۆ سەر هەرێمی كوردستان، شكستی هێناوە".
كارزان هەورامی




