ساڵح موسلیم: چارەی گرفتەکانی نێوانمان دەکەین و ناهێڵین ماڵی کورد پەرتەوازە بێت

هەولێر-KDP.info- هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دیموکراتی PYD دەڵێت، ئەمڕۆ کورد یەک دوژمنی هەیە، ئەویش تیرۆریستانن، هەر کاتێک کورد لە ناوخۆیدا تەبا نەبووبێت، لاواز بووە و دوژمنان زەفەریان پێ بردووە، بۆیە ئێستا کاتی تەبایی و پێکەوەکارکردنە.
ئەم گوتانەی (ساڵح موسلیم) لە میانی سەردانێکیدا هات بۆ پەرلەمانی کوردستان، کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 21-ی ئۆکتۆبەر، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان (یووسف محەممەد سادق) و جێگیری سەرۆک (جەعفەر ئێمینکی) و سکرتێری پەرلەمان (فەخرەددین قادر)-ەوە پێشوازی کرا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ کانتۆنەکانی خۆرئاوا کرد و بە ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی وەسف کرد. لە بارەی پەیوەندیی حیزبەکانی خۆرئاوایش، سەرۆکی پەرلەمان گوتی، "هیوادارین دانیشتنەکانتان لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی خۆرئاوا کۆتایی بێنێت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوانتان، ئێستا کاتی پێکەوەکارکردنە، هیوادارین جیاوازییەکانتان بخەنە ئەولا و هەمووتان لە خۆرئاوا پێکەوە بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان."
لەبارەی پەیوەندیی پەرلەمان و کانتۆنەکانی خۆرئاوا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی دا، "هەر شاندێکی نێودەوڵەتی و کۆنسووڵ و باڵیۆزێک هاتبێتە پەرلەمان باسی ڕووداوەکانی خۆرئاوامان بۆ کردوون و داوامان کردووە پشتیوانی لە شەڕڤانان و هاووڵاتیانی سڤیل بکەن."
دواتر هەریەک لە جێگر و سکرتێری پەرلەمان سەرنج و تێبینیی خۆیان لەبارەی رووداوەکانی خۆرئاوا و کۆبانی و پەیوەندیی نێوان باشووری کوردستان و خۆرئاوا بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.
پاشان (ساڵح موسلیم)، لەبارەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان پەیەدە و لایەنە کوردییەکانی خۆرئاوا، کە ماوەی چەند ڕۆژێک لە دهۆک لە دانوستاندان، گوتی، "بەرەوپێشچوونی زۆر ڕووی داوە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا چارەی گرفتەکانی نێوانمان دەکەین و ناهێڵین ئیدی ماڵی کورد پەرتەوازە و لێکترازاو بێت".




