٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسانی كۆبانی: هاوكاری ‌و كۆمەكە سەربازییەكان هیی حكوومەتی هەرێمن نەك حیزبێک

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسانی حكوومەتی كۆبانی ‌و شەڕەڤانانی كورد رایدەگەیەنێت هاوكارییە پزیشكی‌ و كۆمەكە سەربازییەكان كە بە دەستیان گەییشتوون، هیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و ئاڵای هیچ حیزبێكی دیاریكراوی بەسەرەوە نەبووە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوەیە كە رایانگەیاندبوو ئەو كۆمەك ‌و هاوكارییانە هیی ئەوانە نەك حكوومەتی هەرێم.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاوێنەنیوز کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان سوورە لەسەر ئەوەی ئەو چەكانەی بۆ شەڕەڤانانی كورد لە شاری كۆبانی لە خۆرئاوای كوردستان نێردراوە هیی ئەو بن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی (سەعدی ئەحمەد پیرە) دەڵێت "هەموو ئەو كۆمەكە سەربازیانەی لە هەرێمەوە رەوانەی كۆبانی كراون، هیی یەكێتین ‌و ئاڵای یەكێتییان بەسەرەوە بووە". ئەو بەرپرسە ئەوەشی راگەیاندووە كە سەرۆكی هەرێم، ئاگای لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی نییە.
چالاكوانی مەدەنی لەناو سەنتەری شاری كۆبانی(كۆما شیهازی)، راگەیاند، لە كاتی فڕیدانە خوارەوەی ئەو كۆمەكانە هیچ ئاڵا و لۆگۆیەكی حیزبی بەسەر پێداویستییەكانەوە نەبووە، ئەو دەڵێت "هەموو ئەو كۆمەكانە هیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەی، نەك حیزبێكی دیاریكراو".
دوای گەیشتنی یارمەتیەكانیش، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە كۆبانی(رێدۆر خەلیل،) رایگەیاند كە ئەو كۆمەكانە هیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لە رێگەی فڕۆكەی ئەمەریكاییەوە، بە پەڕەشوت بۆیان فڕیدراوەتە خوارەوە و ئاڵای هیچ حیزبێكی پێوە نەبووە.
چالاكوانە مەدەنییەكە ئەوەشی راگەیاند، دوای گەییشتنی یارمەتییەكان بۆ كۆبانی ئەو دەنگۆیانەیان بیستووە كە لە هەرێمی كوردستان دەكرێن لەبارەی ئەوەی كە ئاڵای یەكێتی پێوەیە ئەو گوتی "هەمووان لە كۆبانی هاوڕان لەگەڵ ئەوەی كۆمەكەكان هیی هەرێمی كوردستانە، نەك ئەو حیزبە(مەبەستی یەکێیی نیشتیمانیی کوردستانە)".
دوای ئەو بەیاننامەكەی یەكێتیی، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر لە یەك رۆژدا لەبارەی هاوكاری‌ و كۆمەكی سەربازی بۆ كۆبانی روونكردنەوەیەكی تری دەركرد، كە وەڵامی ئەو حیزبە دەداتەوە.
لە دەقی ئەو روونكردنەوەیەدا هاتووە "دوای ئه‌وه‌ی به‌ یارمه‌تیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توانرا هاوكاریی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بگه‌یێندرێته‌ كۆبانی، زۆر به‌ داخه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌یاننامه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و زۆر له‌ راستییه‌كانی گۆڕیوون"‌.
لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمدا، ئاماژەیش دراوە کە هێزی دژه‌تیرۆر ده‌ستگایه‌كه‌ سه‌ر به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە و هه‌ردوو هێزی دژه‌تیرۆری هه‌ولێر و سلێمانی له‌و چه‌كانه‌ی پێشتر هه‌یانبووه‌ وه‌ك هاوكاری ‌و به ‌ناوی هه‌رێمی كوردستان و به‌ فڕۆكه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ره‌وانه‌ی كۆبانییان كردووه‌. رەتیشی دەكاتەوە ئەو هاوكاریانە لە رێی یەكێتییەوە گەییشتبنە كۆبانی، جەختیش دەکاتەوە کە، "ئه‌و هاوكاریانه‌ به ناوی گه‌لی كوردستان و هه‌رێمی كوردستانەوە ره‌وانه‌ كراوه‌ و هیچ پێویست نه‌بوو یه‌كێتیی نیشتیمانیی له‌م كاته‌دا ئه‌م موزایه‌ده‌یه‌ بكات، پێویستیشه‌ ئه‌وه‌ بزانرێت كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌ په‌رۆشن بۆ كۆبانی نه‌ك ته‌نیا یه‌كێتی."
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی(سەعدی ئەحمەد پیرە) لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی ئاوێنەدا، كە ئەمڕۆ بڵاو كراوتەوە دەڵێت "هەموو ئەو كۆمەكە سەربازیانەی لە هەرێمەوە رەوانەی كۆبانی كراون، هیی یەكێتین،..."
لەبارەی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمیشەوە دەڵێت "ئەوە ئیشی سەرۆكایەتیی هەرێم نییە، نە جەنابی سەرۆكی هەرێم ئاگای لەو بابەتەیە نە سەرۆكایەتیی هەرێم."
نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان (غەریب حەسۆ)، هەر دوێنێ و پاش ڕاگەیەنراوەکەی یەکێتی بە kdp.info-ی راگەیاند، "دوێنێ ئێوارە بە فڕۆكە چەك بۆ كۆبانی نێردراوە، كە بە هەوڵی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و هەموو لایەنەكانی هەرێم ئەو چەكە بۆ كۆبانی ڕەوانە كراوە و ناتوانین بڵێین تەنیا لایەنێك چەكی ناردووە، چونكە هەموو لایەنەكان رۆڵی خۆیان هەبووە".
(حەسۆ) گوتیشی، "ئێمە پێشتر بانگەوازمان بۆ هاوكاریكردنی كۆبانی كردبوو و هەموو لایەنەكانیش بە دەم ئەو بانگەوازەی ئێمەوە هاتن و چەكیش ڕەوانە كراوە، بۆیە دەستخۆشییان لێ دەكەین".
ئەو نوێنەرەی پەیەدە زیاتر ڕوونی كردەوە"،
جەختیشی کردەوە، "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە بۆ ئەوەی هاوكاریی كۆبانی بكرێت."
لەلایەكی ترەوە فەرماندەی هێزی پاراستنی گەل لە كۆبانی(مەحموود بەرخودان) ئاماژەی داوە، ئەوەی پێیان گەییشتووە هیی حكوومەتی هەرێم بووە و (پۆلات جان)-ی گوتەبێژی یەپەگەیش تەئكیدی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە "هەمووان لە كۆبانی هاوڕان لەسەر ئەوەی كۆمەكەكان هیی هیچ حیزبێك بێت". دڵنیاییشی داوە ئەوەی بە دەستیان گەییشتووە هیی حكوومەتی هەرێمە‌  گەلی كوردستانە لە باشوور.
بەپێی رونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌ی كه‌ ڕه‌وانه‌ كراوه‌ بریتی بوو له‌ 21 تۆن و هه‌مووی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێرەوە بار كراوه‌ و به‌ 28 په‌ڕه‌شووت له‌سه‌ر كۆبانی فڕێ دراوه‌.
 

هەواڵی پەیوەندیدار