هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی تیرۆرستانی داعشیان لە نزیك بەنداوی مووسڵ تێك شكاند

مووسڵ-تایبەت بە kdp.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش لە گوندێكی نزیك بەنداوی مووسڵ هێرشیان كردە سەر پێشمەرگە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەوە تیرۆریستان و تێك شكێنران.
كارگێڕی لقی 14-ی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری بەنداوی مووسڵ (شێخ محێدین مزووری)، بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە تیرۆریستانی داعش لە گوندی حەمەگروری هێرشیان كرد، بەڵام هەر زوو هێزەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرە رووبەڕوویان بوونەوە و دوای شەڕێكی چەند سەعاتی، تواندرا هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنرێت و پاشەكشەیان پێ بكرێت.
(شێخ محێدین) گوتیشی، "هێزەكانی پێشمەرگە هیچ زەرەر و زیانێكیان نییە، بەڵام زیانی گیانییان بە چەكدارانی تیرۆریستی داعش گەیاندووە، هەرچەندە ئامارێكی تەواو لە بەردەستدا نییە لە كوژراو و برینداریان، لەبەر ئەوەی لەگەڵ خۆیان بردوویانن.
ئەو سەرپەرشتیارەی بەنداوی مووسڵ زیاتر گوتی، لە ئێستادا رەوشەكە هێمن بووەتەوە و تیرۆریستانی داعش لەو هێرشەیشیاندا شكستیان برد و وەك چۆن هەمیشە شكستخواردوون لە بەرامبەرهێزی پێشمەرگەدا.
سەرپەرشتیاری بەنداوی مووسڵ ئاماژەی بەوەیش كرد كە، هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەو سنوورە.
نەشوان بەرزنجی




