هێزی پێشمەرگە لە زوممار هێرشێكی داعشی تێك شكاند.. هێرش پێچەوانە بووەتەوە و چوار تیرۆریستیش كوژراون

زوممار-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، چەكدارانی داعش لە میحوەری زوممار هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە توندی بەرپەچیان دانەوە و تیرۆریستان تێك شكێندران.
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار (ساڵح میرانی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە میحوەری زوممار، لە قۆڵی گوندەكانی شكاك و سەهل حەمەد هێرشیان كرد، بەڵام هەر زوو هێزی پێشمەرگە وەڵامیان دانەوە و لە ئاكامدا چوار تیرۆریست كوژراون و تەرمەكانیشیان كەوتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە.
(میرانی) گوتیشی، ئێستا هێرش پێچەوانە بووەتەوە و هێزی پێشمەرگە بەدوایانەوەن و تیرۆریستان هەڵدێن، هەروەها سێ چەكداریشیان بریندارن و بە برینداری ڕادەكەن.
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار زیاتر گوتی، مەبەستی چەكدارەكان زیاتر بۆ ئەوە بوو گوندی جسرە كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام تێك شكان و هەڵاتن.
بڵند ئیبراهیم




