پەیەدە: تەنیا لایەنێك چەكی بۆ كۆبانی نەناردووە.. سەرۆكایەتیی هەرێم هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی هاوكاریی كۆبانی بكرێت

هەولێر-KDP.info- نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە هەوڵی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و هەموو لایەنەكانی باشووری كوردستان، دوێنێ ئێوارە چەك بۆ كۆبانی ڕەوانە كراوە، كە ئەمەیش جێی دەستخۆشییە.
نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان (غەریب حەسۆ)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "دوێنێ ئێوارە بە فڕۆكە چەك بۆ كۆبانی نێردراوە، كە بە هەوڵی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و هەموو لایەنەكانی هەرێم ئەو چەكە بۆ كۆبانی ڕەوانە كراوە و ناتوانین بڵێین تەنیا لایەنێك چەكی ناردووە، چونكە هەموو لایەنەكان رۆڵی خۆیان هەبووە".
(حەسۆ) گوتیشی، "ئێمە پێشتر بانگەوازمان بۆ هاوكاریكردنی كۆبانی كردبوو و هەموو لایەنەكانیش بە دەم ئەو بانگەوازەی ئێمەوە هاتن و چەكیش ڕەوانە كراوە، بۆیە دەستخۆشییان لێ دەكەین".
ئەو نوێنەرەی پەیەدە زیاتر ڕوونی كردەوە، "تەنیا ئەوە دەزانین كە چەكەكان گەییشتوونەتە كۆبانی و تا ئێستا زانیاریمان لەبارەی بڕ و جۆرەكەیانەوە نییە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە بۆ ئەوەی هاوكاریی كۆبانی بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




