٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری: بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای ئاوارەكانەوە نەیەن، كارەساتی مرۆیی ڕوو دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، "چەندین جار باسمان لەوە كردووە كە ئەو توانایەمان لە دەستدا نییە هەموو پێداویستییەكان بۆ ئەو رێژە زۆرەی پەنابەر و ئاوارە دابین بكەین كە لە هەرێمی كوردستانن". دەشڵێت، "دوو لایەنی دیكە كە دەبێت هاوكاری سەرەكی و جیددیمان بن، حكوومەتی عێراق و لایەنی نێودەوڵەتییە كە تاكو ئێستا هیچ هاوكارییەكی داراییان پێشكەش بە هەرێمی كوردستان نەكردووە". هۆشدارییش دەدات كە، تووشی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی دەبین ئەگەر بەپەلە حكوومەتی بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای ئاوارەكانەوە نەیەن.

یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (دیندار زێباری)، بۆ kdp.info گوتی، "ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسمان لەوە كردووە كە ئەو توانایەمان لە دەستدا نییە بە شێوەیەكی رێكوپێك و بە تەواوی هەموو پێداویستییەكان بۆ ئەو رێژە زۆرەی پەنابەر و ئاوارە دابین بكەین كە لە هەرێمی كوردستانن، دوو لایەنی دیكەیش كە دەبێت هاوكاری سەرەكی و جیددی بن، یەكەمیان لایەنی عێراقییە كە تا ئەم ساتە كەمتەرخەمە و بەو شێوەیە نەبووە كە چاوەڕێ دەكرێت لە پابەندبوونی عێراق بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆی، دووەمیش لایەنی نێودەوڵەتییە كە وڵاتە كۆمەكبەخشە نێودەوڵەتییەكان تاكو ئێستا هیچ هاوكارییەكی داراییان (ناڵێم كەلوپەل) پێشكەش بە هەرێمی كوردستان نەكردووە، ئەو هاوكاریانەیش كە هاتوون لەبەر ئەوەیە كە ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیانە و ئاژانسەكانی یوئێن كە لە كوردستانن، لە پارەی خودی ئاژانسەكان و رێكخراوەكان هاوكارییان كردووە."

(دیندار زێباری) دەشڵێت، "ڕاستە هەندێكی وڵاتانی كۆمەكبەخش  هەندێك هاوكاریی داراییان كردووە، بەڵام بەپێی ئەو قەبارەیە نییە كە لە هەرێمی كوردستانە، دەتوانم بڵێم هەموو هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بەشی 15%ـی ئەو هاوكاریانە ناكات كە هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەرەكان پێویستی پێیە".
پێوەست بە رێگەكانی بەردەم حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی ئەركە مرۆییەكەی بەرانبەر ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لە بەردەستییەتی، پرەنسیپی مرۆیی و پابەندبوونە بە ستاندارتی نێودەوڵەتی و بنەما نێودەوڵەتییەكان و هەروەها مافی مرۆڤیش، دووەمیش بەرپرسیارەتیییە بەرانبەر بە گەلی كورد بە گشتی لە هەر چوار پارچەكە. سەبارەت بە عێراقیش، درووشمی ئێمە پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە و ئەوەمان سەلماندووە كە هەموو ئەو پێكهاتە ئایینی و ئایینزایانە لە كاتێكدا كە پێویستیان بەوە هەبووە ژیانیان رزگار بكرێت، هەرێمی كوردستان ڕزگاری كردوون، ئەوە نییە كە ئێمە پلانێكمان بۆ داڕشتبێت كە 2 ملیۆن كەس وەربگرین و پارەیەكی باشمان لە بەردەست بێت، لەبەر ئەوە خەڵكمان قبووڵ كردبێت یان یەكێك هاوكاریی ماددیی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردبێت، بۆیە من دەمەوێت خەڵكی كوردستان ئاگادار بێت ئەوەی كە هەرێمی كوردستان كردوویەتی، بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی و نەتەوەییە، پابەندبوونمانە بە بنەماكانی نێودەوڵەتی، بەرپرسیارەتییە بەرانبەر بە گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان".
(زێباری) دەڵێت، "بەرپرسیارەتی و درووشمی ئێمە، بەهاناوەچوونی ئەو خەڵكەیە، بەڵام ئێمە نە ئەو ئیمكانییەتەمان لە بەردەستە و نە ئەو پشگیرییە نێودەوڵەتییەیشمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو ژمارە زۆرە وەربگرین، بۆیە لە رێگەی kdp.info-وە دەمەوێت دوو شت باس بكەم، یەكیان ئەوەیە كە، دەبێت حكوومەتی هەرێم لەو دانوستانانەی كە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بەغدا هەیە، بە جیددی پرسی هاوكاریكردنی ئاوارەكان بخاتە بەر باسەوە، بە بڕوای منیش، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە دۆسێکانی دیكە كەمتر نییە كە لە نێوان ئێمە و بەغدادا هەیە، چونكە ئەمە كارەساتێكی مرۆیی گەورەیە. دووەمیش، حكوومەتی عێراق دەبێت هەنگاوی جیددی بنێت لە گوازتنەوەی پسوولەی خۆراكی ئەو هاووڵاتیانە یان دابینكردنی مووچەیەكی دارایی، یانیش گواسنەوەی مووچەی ئەو خەڵكانە كە فەرمانبەری حكوومین لەو پارێزگایانەی كە لێوەی هاتوون كە ژمارەیەكی زۆریان فەرمانبەری حكوومەتن و هەڵهاتوون نە مووچەیان پێ دەدرێت نە پسوولەی خۆراكیان بۆ دەگوازرێتەوە، ئێمە لەگەڵ یوئێنش قسەمان كردووە و ئەوانیش ئامادەن لەو رووەوە هاوكاریمان بكەن و خۆیان هەستن بە دابەشكردنی پسوولەی خۆراك بۆ ئەو پەنابەرانەی كە عێراقین، داواكارین لە حكوومەتی عێراق هەنگاوی جیددی بهاوێت، هەروەها داواكارین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا هاوكاریكردنی پەنابەران بخاتە بەر باسەوە، چونكە نزیكەی 2 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە و 2 ملیۆن كەسی تریش لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 لە هەرێمن، بۆیە حكوومەتی هەرێم لە ژیانی زیاتر لە  9 ملیۆن كەس بەرپرسیارە".
(زێباری)، دەربارەی هاتنی وەرزی سەرما و باران و ئامادەكارییەكانیان گوتی، "بە ڕاشكاوانە باس دەكەم، دۆخی ئاوارەكان زۆر خراپە، بە تایبەتی ئەوانەی سەرەتای مانگی 6 بە دواوە پاش كارەساتی گرتنی شاری مووسڵ هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەیش كە چەندین كەمپ دروست كراون و زیاتر لە 9 كەمپی دیكەیش كە لە دروستكردندان، بەڵام ئەمانە كێشەكان بە تەواوەتی چارە ناكەن و ئەوە نییە كە بڵێیت خێوەت بە كەلوپەلەوە دانراوە و لە بن خێوەتەكە بە تەواوی چارەی هەموو شتیان بۆ كراوە، بۆیە ئێمە باسی هەزار یان دووهەزار كەس ناكەین، ئێمە باسی 800 هەزار كەس دەكەین، ئەو ژمارەیە لە ماوەی دوو مانگ تا سێ مانگدا، ئەمە كارەساتێكی مرۆیی گەورەیە".

گوتیشی، "بە بڕوای من، بە تایبەتی لە سنووری ناوچەی دهۆك، ئێمە تووشی كارەساتێكی گەورە دەبین ئەگەر بەپەلە حكوومەتی بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای ئەم كەمپانەوە نەیەن".

(زێباری) زیاتر ڕوونی كردەوە، "بۆ پاراستنی ژیانی ئەو ئاوارانە، پێویستە پەلە بكرێت لە پێدانی پارە بە شێوەی راستەوخۆ، دووەمیش ئەوەیە كە بیر لە سووتەمەنی بكرێتەوە، سێیەمیش ئەوەیە كە خواردنیان بە تەواوەتی بۆ دابین بكرێت، چونكە دۆخەكە زۆر خراپە".
دەربارەی داواكاریی بەغدا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی كۆمەكبەخش تا بێن هاوكاریی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، (د. دیندار زێباری) گوتی، "ئەمە بڕیارێكی سیاسییە، ئەم بڕیارە دەبێت لەسەر ئاستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بدرێت و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی بكات، بۆیە دەبێت یەكەم شت بوجەیەكی تایبەت بۆ بەهاناهاتنی رەوشی مرۆیی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان دابنرێت و بەغدایش بە زووترین كات دەست بە دابەشكردنی هاوكارییەكان بكات، وەك پێدانی مووچە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو ئاوارانە، چونكە 50%-ی ئەو ئاوارانە لە دەرەوەی كەمپەكانن، ئەمانەیش پارەیان لە دەستدا نییە و ناتوانن خۆیان بژیێنن. هەروەها بە زووترین كاتیش بریارێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەربچێت بۆ گوازتنەوەی  پسوولەی خۆراكیان بۆ ئەو شارانەی هەرێمی كوردستان كە لێیان دەژین".

ئاماژەیشی دا كە، "ئەوەی زۆر گرینگە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا بە زووترین كات داوا لە وڵاتە كۆمەكبەخشە نێودەوڵەتییەكان بكەن راستەوخۆ بێن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن، تا ئێستا ئێمەیش وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار نین لەو كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتیانە لەسەر ئاستی كۆمەكبەخشە نێودەوڵەتییەكان، چونكە بەغدا بەشداریمان پێ ناكات، بۆیە ئەم دۆخە بەم شێوەیە بڕوات، كارەساتێكی مرۆییە و پێم وایە وەرزەی زستان كارەساتی مرۆیی و شتی زۆر ناخۆش روو دەدەن".

KDP.info
 

هەواڵی پەیوەندیدار