سەرۆکایەتیی هەرێم: چەک و تەقەمەنی گەیەنرایە کۆبانی

هەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆی فڕۆكە ئەمەریكاییەكانەوە گەیەنراوەتە شاری كۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان.
دەقی ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی گەیاندنی چەك و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانێ
دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنی كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها بڕیاری بۆردوومانكردنی مۆڵگەكانی داعش لە كۆبانی لە لایەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی 10ـی 2014 چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆی فڕۆكە ئەمەریكییەكانەوە گەییشتە شاری كۆبانی.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سوپاسی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێی ئاسمانەوە بۆ كۆبانی، بۆ ئەوەی ئەو قارەمانانەی لە كۆبانی بەرگری دەكەن بتوانن سوود لەو چەك و هاوكارییانە وەربگرن.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
20ـی 10ـی 2014




