٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنەکانی ڕۆژئاوا، دەربارەی مەرجەعی سیاسی ڕێک کەوتوون.. ئێستا پرسی بەڕێوەبردنیان خستووەتە بەر باس

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info-  ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد دەڵێت، ھەردوو ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ گەییشتن بە رێککەوتنی هاوبەش لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن و لە ئێستادا گەییشتوونەتە خاڵی بەڕێوەبردن و رەنگە تا سبەی کۆتا خاڵ کە دروستکردنی ھێزێکی ھاوبەشە، بخەنە بەر باسەوە.

ئەندامی شاندی ئەنجوومەنی  نیشتیمانیی  کوردی لە سووریا(فەوزی شنگالی) بە kdp.info-ی راگەیاند: "چەند رۆژێکە ھەردوو ئەنجومەنی رۆژئاوای کوردستان لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ گەییشت بە رێککەوتن لەبارەی کێشەکانی نێوانیان و لەبارەی خاڵی مەرجەعی سیاسییەوە رێک کەوتوون، لە ئێستایشدا گفتوگۆ لەبارەی خاڵی چۆنیەتیی بەرێوبەردنی رۆژئاوا دەکەین بە ھاوبەشی، کە ماوەی زیاتر لە دووساڵە دانراوە، بۆیە ئەم خاڵە گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە خاڵ بە خاڵ گفتوگۆی لەسەر دەکەن، چونکە پێویست بە ھەندێک گۆڕانکاری ھەیە."
(فەوزی شنگالی) گوتیشی: "لە خاڵی بەڕێوەبردن وەها رێک کەوتوون کە بۆ ھەر ئەنجوومەنێک 40% بێت، بەڵام بۆ ئەو 20%-ەی کە دەمێنێتەوە، هێشتا رێک نەکەوتوون، چونکە رای جیاواز بۆ یەکلاکردنەوەی هەن و چەندین حیزب و کەسایەتیی سەربەخۆ و رۆشنبیریش لەناو ئەو بەرێوبەرایەتیانەدا ھەن، بۆیە هشێتا نەگەییشتوونەتە رێککەوتن و رەنگە تا سبەی ئەم پرسەیش یەکلا بکەنەوە."
(شنگالی) زیاتر گوتی، ئەگەر ئەو خاڵە تەواو بێت، یەکسەر دەچنە سەر خاڵی دروستکردنی ھێزێکی ھاوبەش، ئەو کات دەردەکەوێ کە ئەو ھێزەی ئێستا بمینێت، یاخود ھێزێکی دیکە بۆ ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی دروست بکرێت.
ئەو وەبیری هێنایەوە کە، پێشتر زۆر رێککەوتن کراون، بەڵام جێبەجێ نەکراون، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیش کە لە ئێستادا کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەژێر ھێرشێکی توندی داعشدایە، پێویستە کورد یەک رێز و یەکدەنگ بن، ئەگینا ناتوانن بەرگری لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.
ئەو ئەندامەی شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد راشیگەیاند: "ئەمەریکا وڵاتانی رۆژئاوا داوای یەکریزیی کورد دەکەن لە رۆژئاوای کوردستان، بۆیە ئەمانە فاکتەرن بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن، تا وەڵامێک بێت بۆ ئەو داواکارییەی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە لە ئێمە دەکرێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار