٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عەلی قەرەداخی: ئەو رێگەیەی داعش و هاوشێوەكانی دەیگرنە بەر، رێگەی بەهەشت نییە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانایانی موسوڵمان دەڵێت، دەبێت هەموو لایەك و بە تایبەت گەنجان و لاوان ئاگادار بكەینەوە كە ئەو رێگەیەی داعش و هاوشێوەكانی دەیگرنە بەر، رێگەی بەهەشت نییە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، بنەما بیروباوەڕی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بەتاڵ و ناڕاست و لە ئایینی ئیسلامەوە دوورە.

بە مەبەستی ڕوونكردنەوەی زیاتر لەسەر هۆكار و ئامانجی سەرهەڵدانی گرووپی تەكفیری و توندڕۆی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ئەمڕۆ  لە شاری سلێمانی لە ژێر دروشمی رۆڵی زانایانی ئایینیی كورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی داعش و چەواشەكارییەكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو لقی سلێمانیی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و رابیتەی ئیسلامیی كورد، كۆڕێكیان بۆ ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانایانی موسوڵمان پڕۆفیسۆر (د. عەلی قەرەداخی) ساز كرد.
لە سەرەتادا كۆڕگێڕ باسی لە مێژوو و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی فیكر و بیروبۆچوونی توندڕۆی ئیسلامی كرد و گەڕاندییەوە بۆ ساڵی 1950 لە وڵاتی میسر.

لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا (عەلی قەرەداخی) رایگەیاند، "دەبێت هەموو لایەك و بە تایبەت گەنجان و لاوانمان ئاگادار بكەینەوە كە ئەو رێگەیەی داعش و هاوشێوەكانی دەیگرنە بەر، رێگەی بەهەشت نییە".
لە درێژی قسەكانیدا ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانایانی موسوڵمان داوای لە مامۆستایان و رۆشنبیران كرد كە وەك هەمیشە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ هۆشیاركردنەوەی كومەڵگە بە تایبەت لاوان و، یەكڕیزیی كوردیشی بە گرینگترین هۆكاری سەركەوتن و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان لە قەڵەم دا.

لە روانگەی هەستكردن بە گرینگیی و پێگە و كاریگەریی مامۆستایانی ئایینی لەسەر كۆمەڵگە و ئاڕاستەكردنی تاكەكانی بە تایبەت گەنجان و لاوان و رێگەگرتن لە هەڵخەڵەتاندنیان لە لایەن گرووپە تەكفیری و توندڕۆیە بە ناو ئیسلامییەكانەوە، ئەم جۆرە كۆڕانە دەتوانێت كاریگەریی خۆیان هەبێت و رێگر بن لە هەڵخەڵەتاندنی موسوڵمانان بە ناوی جیهاد و ئیسلامەوە و لە كۆڕبەندی ئەم كۆڕەیشدا، كۆڕگێڕ ئەساس و بنەڕەت و بیروباوەڕی رێكخراوی داعشی بە بەتاڵ و ناڕاست و دوور لە ئایینی ئیسلام وەسف كرد.

ئارمان مەلازادە
 

هەواڵی پەیوەندیدار