تا ئەم بەیانییە شەڕ لە کۆبانی بەردەوام بووە.. داعش زۆری لێ کوژراون

کۆبانی-KDP.info- لەگەڵ بەردەوامیی بەرگریی شەڕڤانانی کورد لە هێرشی داگیرکاریی تیرۆریستانی داعش، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیشی گورزی کوشندە لەو ڕێکخراوە دەوەشێنن و شەڕوانان توانیویانە چەند شوێنیکی شارەکە لە دەست داعش دەربێننەوە.
ڕوانگای مافەکانی مرۆڤی سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، لە دوانیوەڕۆی دوێنێ شەممەوە، پێکدادان لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزە کوردییەکان لە لایەک و تیرۆریستانی داعش لە لایەکی دی، تا ئەم بەیانییە بەردەوام بووە، شەڕەکان لە دەوروبەری بازاڕی ئەلهال و ڕۆژئاوای چوارگۆشەی ئەمنی و ناوچەی کانیی عەرەبان لە کۆبانی بوون.
ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سەرچاوەی بڕواپێکراوەوە زانیویەتی کە، یەکینەکانی پاراستنی گەل، توانیویەتی دوو خاڵ لە بن دەستی داعش دەربێنێتەوە، بەڵام داعشیش لە ڕۆژئاوای چوارگۆشەی ئەمنییەوە کەمێک چووەتە پێشەوە. هەروەها بەرەی شەڕ لە ڕۆژئاوای شار نزیک نەخۆشخانەی نیشتیمانی، پێکدادانی توندی بەخۆوە بینیوە، زانیارییش هەیە کە داعش کوژراوی زۆری هەبووە.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانانیش، شەوی رابرد، سێ گورزی لە مۆڵگەی داعش لە کانیی عەرەبان وەشاندوون. هەروەها ئەم سەرلەبەیانییەیش تیرۆریستانی داعشی لە ڕۆژئاوای چوارگۆشەی ئەمنی کردوونەتە ئامانج.
ڕۆیتەرز- زریان زیاد




