نەتەوە یەكگرتووەكان، ستاییشی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم دەكات

هەولێر-kdp.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حكوومەت چاوەڕێی هاوكاری و ئاوڕدانەوەی زیاتری حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات لە ڕەوشی ئاوارەكان، بە تایبەتی كە خەریكە وەرزی سەرما و سۆڵە دەگات. دووپاتیشی كردەوە كە، وێڕای كەمیی تواناكان، حكوومەتی هەرێم لە پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەك بۆ ئاوارەكان بەردەوام دەبێت.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 19-ی ئۆكتۆبەری 2014، پێشوازیی لە یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ (ئیڤان سیمۆنۆڤیچ) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا شاندەكە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێی كوردستان دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە پاش دواسەردانیان لە ساڵی 2011ـەوە، هەست دەكەن لە هەرێمی كوردستان لە زۆر بواری دیپلۆماسی، پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ژێرخانی ئابووری، ئازادیی میدیا و ڕادەربڕین، مافەكانی مرۆڤ، شێڵتەر، مافەكانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژناندا پێشڤەچوونی بەرچاو ڕوویان داوە كە مایەی ستاییش و خۆشحاڵین، بە تایبەتی هەوڵەكانی (نێچیرڤان بارزانی)ـیان بە ئەرێنی و مایەی پێزانین لە قەڵەم دا، كە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پشتگیرییان لێ دەكرێت.
یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ، هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لە بواری یاساكاندا پێشڤەچوونی بەرچاو لە هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئاراوە و لە هەندێ بواری مافەكانی مرۆڤیشدا دەكرێ كاری زیاتر بكرێت، بۆ ئەمەیش هەموو ئامادەییی دەستگا پەیوەندارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی دەربڕی بۆ كردنەوەی وۆركشۆپی تایبەت بۆ دامودەزگا و لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە حكوومەت و خەڵكی كوردستان كرد كە وێڕای دژواریی بارودۆخەكە و نەبوونی بودجە و سنوورداریی تواناكان، بە بێ هیچ جیاوازییەكی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی، باوەشیان بۆ ئاوارە و پەنابەران كردووەتەوە و هەموو كۆمەك و هاوكارییەكیان پێشكەش دەكەن.
ئاماژەیشی بە سەردانێكی خۆیان بۆ چەند كەمپێك دا و ڕوونی كردەوە، ئاوارەكان ستاییشی پاراستنی ئەمن و ئاساییشیان لە هەرێمی كوردستان دەكەن، كەچی خوازیارن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، بەڵام لەبەر خراپیی بارودۆخەكە جارێ ناتوانن، تەنانەت چاوەڕێی هاتنی ژمارەی زیاتری ئاوارە و پەنابەران دەكرێت، بە تایبەتیش لەبەر بارودۆخی دژواری سووریا.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی)، سوپاسی سەردان و تێبینییەكانیانی دەربارەی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی كردەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە هەنگاوەكانیان دەكات، هەروەها داوای كرد كە بەردەوام هەر تێبینی و كەموكوڕی و پێشێلكارییەك لە هەرێمی كوردستان ببینن، حكوومەتی هەرێمی لێ ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بۆ نەهێشتن و چارەكردنیان بنێت.
سەرۆكوەزیران جەختی لەوە كردەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نكۆڵی لە هەبوونی كێشە و كەموكوڕی ناكات و بە تایبەتی لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە، لەوانەیە لێرە و لەوێ هەندێ كێشە و گرفتی نەخوازراو بێنە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك بۆ چارەكردنیان دەدات و لەم بارەیەیشەوە چاوەڕێی هاوكاریی دەستگا پەیوەندارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات.
دەربارەی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانیش، (نێچیرڤان بارزانی) تیشكی خستە سەر ئەوەی كە، حكوومەت چاوەڕێی هاوكاری و ئاوڕدانەوەی زیاتری حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات لە ڕەوشی ئاوارەكان، بە تایبەتی كە خەریكە وەرزی سەرما و سۆڵە دەگات و دووپاتی كردەوە كە، وێڕای كەمیی تواناكان، حكوومەتی هەرێم لە پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەك بۆ ئەوان بەردەوام دەبێت. دەربارەی بەشداریی هەرێمی كوردستانیش لە حكوومەتی (عەبادی)ـدا، جەختی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان پشتگیری لە حكوومەتەكەی دەكات و خوازیارە هەموو كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارە بكات.




