٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆبوونەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوا دەستی پێ کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی سووریا(بەشار ئەمین) ڕیگەیاند، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا، کەمێک لەمەوبەر دەستی پێ کردەوە، ئەمەیش پاش ئەوە دێ کە، ئێوارەی دوێنێ هەینی، بە هۆی نەگەییشتنە یەک، کۆبوونەوەکانیان وەستاندن.
(بەشار ئەمین) بۆ KDP.info گوتی،"کەمێک لەمەوبەر، هەردوو ئەنجوومەنی کوردی، بۆ درێژەدان و تەواوکردنی دانوستانیان تا هەردوو لا بگەنە خاڵی هاوبەش چوونەوە هۆڵی کۆبوونەوەکانەوە، کە مەبەست لێیان ڕازیکردنی گەلی کورد و کەسە خۆڕاگرەکانمانە لە کۆبانی، کە لە هەردوو ئەنجوومەن چاوەڕوان دەکەن بزانن چییان پێ دەبەخشن."
(ئەمین) ڕەتیشی کردەوە، ئەنجوومەنی کوردی بە مەرجەکانی ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا ڕازی بووبێت دەربارەی بەشدارییان لەو ئیدارەی خۆبەڕیوەبەرییەی کە پەیەدە رایگەیاندووە، یان هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)، تاکە هێزی ڕۆژئاوای کوردستان بێ.
ئاماژەیشی دا، ئەمانە وابەستەی دانوستانی شاندەکان و ڕێککەوتنەکانن. جەختیشی کردەوە لە، پێویستیی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو ئەنجوومەن، لەپێناو بەرگریکردن لە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی کۆبانی و کۆی ناوچەکانی دی.
لە سێشەممەی ڕابردووەوە هەردوو ئەنجوومەن، بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا چەند کۆبوونەوەیەکیان لە دهۆک ساز داون، کە دەیانەوێ، مەرجەعێکی سیاسیی هاوبەشیان هەبێ، هێزێکی سەربازیی کوردیی هاوبەشیشیان هەبێ کە لە ڕێیەوە بتوانن هەموو لایەنەکان بەر بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بگرن بۆ سەر کۆبانی و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان.

عیماد برهۆ - زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار