خورماتوو .. شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و میلیشیاكانی شیعەدا ڕووی دا و دوو كەس بریندار بوون

خورماتوو-KDP.INFO- سەرچاوەیەك لە ئاساییشی خورماتوو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چەكدارانی میلیشیای شیعەكان لە سنووری خورماتوو لە بازگەیەكی هێزی پێشمەرگە نەوەستاون و هێزی پێشمەرگەیش تەقەی لێیان كردووە و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە، بۆیە دوو كەس لە هەردوولا بریندار بوون.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕائید (فارووق ئەحمەد)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، ئەمڕۆ سەعات دووی دوانیوەڕۆ چەكدارانی رێكخراوی بەدر بە بازگەی نێوان خورماتوو_سلێمان بەگدا تێپەڕیون و نەوەستاون و دەمەقاڵێ و تەقە ڕووی داوە، لە ئاكامدا پێشمەرگەیەك و چەكدارێكی ئەوان بریندار بوونە.
ڕائید (فارووق) گوتیشی، چەكدارانی میلیشای شیعە لەو ناوچەیە حیساب بۆ هیچ كەس ناكەن و بە ئارەزووی خۆیان هاتوچۆ دەكەن، هۆكارەكەیش هەر ئەمەیە ئەو كێشەیە رووی داوە.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، لە ئێستادا هەوڵی چارەكردنی ئەو كێشەیە دەدەن.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو روونیشی كردەوە، ئەگەر بەو شێوەیە لە مامەڵەكانیان بەردەوام بن، لە داهاتوودا چۆن بە شەڕ داعش دەركران، بەو شێوەیە پێویستە ئەو چەكدارانەیش بە شەڕ دەربكرێن.
بڵند ئیبراهیم




