٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ نەبی: چوونی وەزیرەكان بۆ بەغدا، سەرەتای گفتوگۆكانە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێ، سوێندخواردنی وەزیرە كوردەكان و دەستبەكاربونیان لە وەزارەتەكانیاندا، سەرەتای كردنەوەی دەرگای گفتوگۆیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان. گوتیشی، مەسەلەی نەگەڕانەوەی مووچە پەیوەندی بە وەزیری داراییەوە نییە.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق (فازڵ نەبی)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "ئومێدمان زۆرە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بگەڕێدرێتەوە دوای ئەوەی وەزیرە كوردەكان سوێندی یاسایی دەخۆن و لە وەزارەتەكانیاندا دەستبەكار دەبن، چونكە ئەوە سەرەتای كردنەوەی دەرگای گفتوگۆیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، مەسەلەی نەگەڕانەوەی مووچە پەیوەندی بە وەزیری داراییەوە نییە، ئەوان پێیان وایە گەڕانەوەی مووچە كۆمەڵێك پرسی گرینگی لە خۆ گرتوون، سەرەتای هەنگاوەكەیش ئەوەیە كە وەزیرە كوردەكان دەستبەكار بن، وەزیری داراییش كە كوردە، بەو دەسەڵاتەی كە هەیەتی دەتوانێت زۆر شت بكات".
گوتیشی، "دەسەڵاتی وەزیری دارایی زۆرن و ڕاگرتنی مووچەی وەزیرە كوردەكان بە فەرمانی سەرۆكوەزیران بووە، نەك بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، كەواتە وەزیری دارایی دەتوانێت زۆر لە گرفتەكان چارە بكات، لەگەڵ ئەوەیشدا وەزیری دارایی (هۆشیار زێباری) پەیوەندیی باشی هەیە و لە لوتكەی دیپلۆماسیی عێراقدا بووە، بە تایبەتی لەگەڵ سەرۆكوەزیران بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە نێوان هەردوولادا لە ڕووی داراییەوە هەبوون، چارە بكرێن و (دكتۆر ڕۆژ)ـیش وەك جێگری سەرۆكوەزیران سەنگی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام دەبێت هەماهەنگیی تەواو لە نێوان كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا هەبێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش ئەركەكانی خۆیان بە جوانی بەرانبەر بە كوردستان ڕاپەڕێنن".

(فاڵ نەبی) ئەوەیشی خستە روو كە، جارێ حكوومەتی عێراق قسەی لەبارەی مووچەی مانگانەی هەرێمەوە نەكردووە كە چۆن دەینێرێت، بەڵام چوونی وەزیرە كوردەكان زۆر شت چارە دەكات و مەرج نییە تەنیا مووچە بێت، لەوە دەچێت بودجەكەیش بێت، خۆ ئەگەر بەپێی یاسا بێت، وەزیری دارایی دەتوانێت هەموو شت بنێرێت، چونكە بڕینی بودجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران نەبووە".

كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار