مزگەوت و كڵێساكان بە ڕووی ئاوارەكاندا دەكرێنەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە هۆی ئەو شەپۆلەی باران و سەرما كە هەرێمی گرتووەتەوە، مزگەوت و كڵێساكان بە ڕووی ئەو ئاوارانەدا دەكرێنەوە كە تووشی ناڕەحەتی بوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەریوان نەقشبەندی) رایگەیاند، بە هۆی باران و رەشەبا و هاتنی وەرزی سەرماوە، بەشێك لە ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان دووچاری ناڕەحەتی و سەرما بوون و لە رەوشێكی خراپدا دەژین، بۆیە لەسەر داوا و پێشنیازی ژمارەیەك لە كەسایەتیی ئایینی و رۆشنبیری و رێكخراوی مرۆیی كوردستان، دوای پرس و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ یەكیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و لیژنەی فەتوا، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی فەرمانی دایە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف تا لەگەڵ سەرۆكی یەكەی ئیداریی سنوورەكانیان و لیژنەی ئاوارەكان، مزگەوت و كڵێساكانی كوردستان بە ڕووی ئاوارەكاندا بكرێنەوە بە تایبەتی هۆڵی پرسە و بۆنە ئایینییەكان.
(نەقشبەندی) زیاتر گوتی، كردنەوەی دەرگای مزگەوت و كڵێساكان بە ڕووی ئاوارەكاندا، بە شێوەیەكی كاتییە تا كەمپ و جێگە و رێگەی پێویستیان بۆ دابین دەكرێت.
پێشتریش مزگەوت و كڵێساكانی كوردستان بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم كرابوونەوە و ئێستا لەگەڵ بارانبارین و شەپۆلی سەرمادا، ئەم داواكارییە لە وەزارەتی ئەوقاف زۆرتر بووە.
بڵند ئیبراهیم




