٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمسیۆنی‌ پەنابەرانی‌ جیهان‌: سەرەڕای قەیرانی دارایی، ئاوارەکانی هەرێم برسی نین و نەخۆشییش لە نێوایاندا نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  رێكخەری‌ كۆمسیۆنی‌ پەنابەرانی‌ جیهان‌ لە هەرێمی‌ كوردستان (UNHCR)، تیشك دەخاتە سەر رەوشی‌ ئەو پەنابەر و ئاوارانەی‌ روویان لە هەرێمی‌ كوردستان كردووە و رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بوونی‌ كەموكوڕی‌‌ و كێشەی‌ جۆراوجۆر، بەڵام هیچ كەسێك لەو لێقەوماوانە برسی نین‌ و نەخۆشییش لەنێویاندا بڵاو نەبووەتەوە. ئاماژەیش دەدات كە، ئەگەر كار وا بڕوات، لە كاتی‌ هاتنی‌ ژمارەیەكی‌ زیاتری‌ پەنابەری‌ سووریا‌ بۆ ناو  هەرێمی‌ كوردستان، ناچارن داوای‌ هاوكاری‌ لە وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بكەن.

رێكخەری‌ كۆمسیۆنی‌ پەنابەرانی‌ جیهان لە هەرێمی‌ كوردستان (ئیمانوێل ژینیاك) رایگەیاند، "بە گوێرەی‌ دوائاماری‌ رێكخراوەكەمان، ئێستا زیاتر لە 210 هەزار پەنابەری‌ سووریا كە زۆربەیان لە نەتەوەی‌ كوردن، لە هەرێمی‌ كوردستانی‌ عێراق نیشتەجێ كراون، بەڵام ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت ئەوەیش بە هۆی‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ شاری‌ كۆبانی‌ لە سووریا، بۆ ئەمەیش ژمارەیەك لە پەنابەری‌ ئەو ناوچەیەیش گەییشتوونەتە هەرێمی‌ كوردستان، ئەگەر بارودۆخەكەیش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینیی‌ هاتنی‌ ژمارەیەكی‌ زیاتر دەكرێت."

(ژینیاك) گوتیشی، "ئەوەی‌ تاكو ئێستا هەیە، تواندراوە پێداویستییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین بكەین ‌و پلانمان هەیە چەندین كەمپی دیكە لە شارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بكەینەوە، بەڵام ئەگەر كار وا بڕوات‌ و ژمارەكە لەوە زیاتر بێت، ئەوا ناچار دەبین پەنا بۆ وڵاتە كۆمەكبەخشەكان ببەین تاكو هاوكاریی‌ ئەو خەڵكانە بكرێت، چونكە ناتواندرێ لە یەك كاتدا پێشوازی‌ لە ژمارەیەكی‌ زۆری‌ پەنابەر بكرێت".

رێكخەری‌ كۆمسیۆنی‌ پەنابەرانی‌ جیهان زیاتر ڕوونی كردەوە، "ئێمە وەك رێكخراوی‌ UNHCR كاتێك پەنابەر دێنە ناوەوە، پێداویستییە سەرەتاییەكانی‌ وەك چادر و خواردنی‌ گەرم‌ و ئاویان بۆ دابین دەكەین، دواتر لەلایەن رێكخراوەكانی‌ دیكەی‌ سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە رووی‌ خۆراكی‌ سارد و بەردەوام ‌و تەندروستی‌‌ و پەروەردەوە هاوكاری‌ دەكرێن."


پێوەست بە ئاوارەكانی‌ ناوخۆ كە لە مووسڵ‌ و ئەنبار و ناوچەكانی‌ دیكەی‌ عێراقەوە روویان لە هەرێمی‌ كوردستان كردووە، (ژینیاك)گوتی، "هەرچەندە مەسەلەی‌ ئاوارەكانی‌ ناوخۆ كە لە مووسڵ‌ و ئەنبار و ناوچەكانی‌ دیكەی‌ عێراقەوە روویان لە هەرێمی‌ كوردستان كردووە، زیاتر پەیوەندی‌ بە هەردوو حكوومەتی‌ هەرێم و بەغداوە هەیە، بەڵام ئێمە بە گوێرەی‌ توانا كارمان كردووە و بۆ ئەوانیش پێداویستییە سەرەتاییەكان دابین كراون و 350 هەزار كەس سوودیان لەو هاوكاریانەی ‌ UNHGRوەرگرتووە، بڕیاریشە  10 كەمپی دیكەیان بۆ بكەینەوە، ئەوانیش 4 لە دهۆك ‌و 3 لە سلێمانی ‌‌و 3 لە هەولێر.

لەبارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ ئاوارەكان لە وەرزی زستاندا، ئاماژەی دا، "بە دڵنیاییەوە بەرنامە و پلانمان هەیە، لە ئێستاوە ئامادەباشی‌ كراوە تاكو شوێن ‌و كەلوپەلی‌ زستانەیان بۆ دابین بكەین، لەوانە نەوت‌ و ئامێری‌ گەرمكەرەوە و پێخەف‌ و شتی‌ تر، ئەو هاوكاریانەیش تەنیا پەنابەرانی‌ سووریا ناگرێتەوە، بەڵكە ئاوارەكانی‌ ناوخۆیش سوودمەند دەبن".

(ژینیاك) هەروەها گوتیشی، "رەوشی‌ پەنابەران ‌و ئاوارە ناوخۆییەكان بەراورد بە شوێنی‌ دیكە تا ڕادەیەك باشە، راستە كەموكوڕی‌ هەیە و پێویستیان‌ بە هاوكاریی‌ تر دەبێت، بەڵام كەس لەو خەڵكانەی‌ بە هۆی‌ توندوتیژییەكانەوە روویان لە هەرێمی‌ كوردستان كردووە، برسی نین، یان نەخۆشییەكی‌ كوشندە لەنێویاندا بڵاو نەبووەتەوە، ئەوە زۆر گرینگە، چونكە زەحمەتە لە كاتێكی‌ كەمدا ژمارەیەكی‌ زۆر خەڵكی‌ لێقەوماو روو لە شوێنێك بكەن، بۆیە بێگومان كێشە و كەموكوڕی‌ هەیە و هەوڵ دەدەین چارەیان‌ بكەین".

بە گوتەی رێكخەری‌ كۆمسیۆنی‌ پەنابەرانی‌ جیهان، "هەرچەندە هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق كاریان بۆ لێقەوماوان كردووە، لەوانە حكوومەتی‌ بەغدا 35 ملیار دیناری‌ بەخشیوە تاكو شەش كەمپ لە دهۆك دروست  بكرێن ‌و بڕیاری داوە بڕەپارەیەك بەو خێزانانە بدات، بەڵام ئەوەی‌ دەیبینین سیستەمێك نییە بۆ رێكخستنی‌ ئەو كارانە و پێویستە زیاتر رێك بخرێت، بۆیە زۆر كار ماوە ئەنجامی‌ بدەن تاكو كێشەی‌ ئەو هاووڵاتیانە كەمتر بێتەوە، لەوانە پێویستە ئەو فەرمانبەرانەی‌ لە ناوچەكانی‌ ترەوە هاتوون مووچەكانیان بۆ هەرێمی‌ كوردستان بگوزارێتەوە، ئەمە بۆ ئەوان زۆر باش دەبێت".
ڕوونیشی كردەوە، "ئەوەی‌ پەیوەندیی‌ بە هەرێمی‌ كوردستانەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی‌ لە قەیرانێكی‌ داراییدایە و مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ دوا دەكەوێت، كەچی‌ كاری باشیان بۆ ئاوارە و پەنابەران كردووە".

لە ماڵپەڕی نیقاشەوە
 

هەواڵی پەیوەندیدار