٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی شەهیدان: بەڵگەی تەواومان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە كۆ كردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان (بەرەڤان حەمدی)

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان رایگەیاند، لیژنەیەكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە حەوت كەس پێك هاتووە، بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی ئێزدی و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكەی باشووری كوردستان سەردانی هەریەك لە وڵاتانی هۆڵەندا و بەلژیكا و سویسرا دەكەن. دەشڵێت، "بەڵگەی تەواومان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە كۆ كردووەتەوە كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە تاوانیان بەرانبەر ئەنجام دراوە".


بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان (بەرەڤان حەمدی)، بە KDP.INFOـی راگەیاند، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵای پێك هێنا لەسەر پرسی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی ناوچەكە لەسەر بنچینەی ئایینی و نەتەوەیی، ئەم لیژنەیە پاش ئەوەی چەندین كۆبوونەوەی ئەنجام دا و چەندین سەردانی بۆ وەزارەتەكانی پەیوەندیدار وەكو وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و داد و ئەنجوومەنی دادوەری و پارێزگای دهۆكی كرد، پاشان دەستەیەكی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەكانی لە دهۆك دامەزراند، لیژنە باڵاكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە حەوت كەس پێك هاتووە، پاش ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوانە و كۆكرنەوەی بەڵگەكان، ئەمڕۆ بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێ كەوتن.
(بەرەڤان) گوتیشی، "لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامەی كە داڕێژراوە، لەم سەردانەدا لیژنەی ناوبراو لە هۆڵەندا سەردانی دادگەی تاوانەكانی نێودەوڵەتی و دادگەی دادی نێودەوڵەتی و رێكخراوی قەدەخەكردنی چەكی كیمیایی و پەرلەمانی هۆڵەندا و وەزارەتی داد و ئاساییش و كاروباری پەیوەندییەكان دەكەین و هەموو ئەو دیدارانەیشمان لە رۆژی 20 و 21 مانگ دەبێت لە هۆڵەندا و لە رۆژانی دواتریش كە دەكاتە رۆژانی 22 و 23-ی مانگ، بڕیارە سەردانی بەلژیكا بكەین و لەوێیش چەندین چاوپێكەوتن لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا و لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی بەلژیكا ئەنجام بدەین و ئەگەر دەرفەتیش هەبوو لەگەڵ پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیكا كۆ دەبینەوە".
(بەرەڤان حەمدی) زیاتر گوتی، "دواتریش سەردانی سویسرا دەكەین و لە ژنێف لەگەڵ رێكخراوی مافی مرۆڤ كۆ دەبینەوە، مەبەستی سەرەكییش لەو سەردانە، جگە لەو پشتگیرییە سیاسییە نێودەوڵەتییەی كە ئێستا بۆ خەڵكی كوردستان هەیە و لە عێراق و سووریا و ناوچەكە لە كوردان دەكرێت لە دژی چەكدارانی تیرۆریستی داعش كە بە ناو دەو وڵاتی ئیسلامییە، ئەم لیژنەیە دەیەوێت لەسەر بنجینەی دادوەری ئەم دۆسییەیە بجووڵێنێت، چونكە بۆ ناساندنی تاوانی جینۆساید پێویستە دادگەیەكی نێودەوڵەتی ددان بەو تاوانەدا بنێت لە رێگای لێكۆڵینەوەكانی خۆیان، یاخود پشتگیریی دادگایەكی نیشتمانی بە دەست بێنێت، كە گرفتێكی دادگایی لە كوردستان و عێراقدا هەیە، چونكە كوردستان سەربە عێراقە و لە عێراقیش لە یاسای سزادانی عێراقیدا تاوانی جینۆساید جێگیر نەكراوە و لەناو عێراقیشدا دادگایەك نییە كە بتوانێت ئەم كەیسە بجووڵێنێت، بۆیە بە پێویست زانرا راستەوخۆ لەگەڵ دادگای نێودەوڵەتی كار بكرێت و سوود لەو هەماهەگی و هاوكاری و پشتگیرییە سیاسییە وەربگیرێت، چونكە عێراق ئەندام نییە لە رێككەوتننامەی رۆمادا، بۆیە ناتوانێت راستەوخۆ تەحریفی دادگایەكی نێودەوڵەتی بكات، بەڵام لە رێگای ئەو بەڵگانەی كە كۆ كراونەتەوە كە بریتین لەوانەی كە لیژنەكە لەگەڵ خۆمان دەیبەین كە لەسەر ناوچەكە و گرینگی ناوچەكەیە لە رووی ئایینی و نەتەوەیی و جیۆگرافی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە  لە رابردوو و ئێستا و پاشان ئەو تاوانانەی كە ئەنجام دراون بە سەرژمێرییەوە ئامادە كراوە، هەروەها پرۆفایلی ناوی ئەندامانی سەركردایەتیی داعش ئامادە كراوە كە ئەوانە تۆمەتبارن بەو تاوانانە كۆمەڵكوژییەی كە لەم ناوچەیە دژی كوردانی ئێزدی ئەنجامیان داوە، لەگەڵ كورتە فیلمێك لەسەر جۆری تاوانەكان و شێوازی تاوانەكان كە لە میدیاكانی كوردستان و میدیاكانی دەرەوە و  ئەو لێدوان و خودی ئەو بڵاوكراوانەی كە داعش بڵاوی كردوونەتەوە، هەموو ئەوانە كورتە فیلمێكیان لێ دروست كراوە  ئەو كورتە فیلمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەو جۆرە تاوانانەی كە داعش ئەنجامیان داوە".
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ڕوونیشی كردەوە، "دۆسیەیەك لە دەستەی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەكان كە دەستەیەكی دادوەرییە، لە دهۆك دامەزراوە، دۆسیەی 5 شایەتحاڵ كە یەكێكیان ئافرەتە و دوویان دەربازبووی گوندی كۆچۆن و دووەكەی تریشیان یەكیان لە چیای شنگال و ئەوی تریش لە تاوانەكانی شنگال دەربازیان بووە كە خۆیان شایەتحاڵن لەسەر جۆری ئەو تاوانانەی كە ئەنجام دراون و چۆن دەرباز بوون و چۆن بە چاوی خۆیان كۆمەڵكوژییان بینیوە، سكاڵایان داوەتە دادگەكانی كوردستان و ئەو دەستەیە و لەوانیشەوە دەیانەوێت ئەو سكاڵایانەیان بگاتە دادگەیەكی نێودەوڵەتی".

دەشڵێت، "جگە لە دۆسیەی شایەتحاڵەكان كە بە نووسراوە و بە دیڤی دییش وێنەی قسەكردنی شایەتحاڵەكان ئامادە كراوە كە ئەمەیش لەگەڵ خۆمان دەبەین لەگەڵ لیستی ئەو كەسانەی كە شەهید بوون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە شوێنبزرن تاكو ئێستا، ئەو لیستەیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری ئێزدییەكان و لە رێگەی تیمەكانی ئەوانەوە لە دهۆك ئامادە كراوە، تەنیا ئەو كەمپانەی كە لە سنووری پارێزگای دهۆكن توانیویانە ئەم ناوانە كۆ بكەنەوە، بۆیە رەقەم ناگوترێ، چونكە ئەم ژمارەیە قابیلی زیادكردنن كە تا ێستا زیاتر لە 3 هەزار ناوی لە خۆ گرتووە بە درێژییش لەسەر ناوونیشان و شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایان زانیاری هەیە كە تێیدا ناوی سیانیی شەهیدەكان، مردووەكان، بێسەروشوێنەكان، ئەوانەی كە هەتاكو ئێستا لە كۆمەڵكوژییەكە دیار نین لەگەڵ ژمارەیەك ئەو خەڵكانەی كە تاكو ئێستا ئاوارە بوون و لە دهۆك و ناوچەكانی تر نیشتەجێن و لەو دۆخە خراپەی كە تێیدا دەژین، جگە لەوەی كە بەشێكیان هەتاكو ئێستا لە چیای شنگال ماون، ئەو لیستە بۆ ئەوەیە كە ئەم خەڵكە ئامادەیە بێت سكاڵا پێشكەش بكات و لە رێگەی كەسوكارەكانیان ئەم ناوانەمان لە بەردەستە كە لە ئەنجامی ئەو تاوانانە ئەوانە چارەنووسیان نادیارە".
 
(حەمدی) ئاماژەیشی دا كە، "نووسراوێك لەلایەن وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەرییەوە ئامادە كراوە كە تێیدا باس لەوە دەكات كە بەپێی یاسا و رێسایەكانی یاسای سزادانی عێراقی، ئەم دۆسییەی كۆمەڵكوژییە ناتوانێ رێوشوێنی یاسایی خۆی وەربگرێت، بۆیە ئەوانیش داوا دەكەن كە دادگایەكی نێودەوڵەتی بێت ئەم پرسە لە ئەستۆی خۆی بگرێت و داخڵ بێت بۆ ئەوەی بە فەرمی بیناسێنێت، هەروەها لیژنەی باڵا بەپێی سیفەتە ڕەسمییەكەی كە لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆی دەرچووە، داوایەكی یاسایی لەسەر رێكخراوی داعش تۆمار دەكات و داوا لە دادگای نێودەوڵەتی دەكات كە خۆی لێكۆڵینەوە بكات یاخود پاڵپشتی لە كردنەوەی دادگایەكی هەرێمی لەم ناوچەیەدا بكات تاكو خۆی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو خەڵكە بكات و بە ئاسانی بتوانێت ئەم كەیسە بگەیەنێتە قۆناخەكانی بڕیاردان لەسەری تاكو چیی دیكە ئەم جۆرە تاوانانە لەم ناوچەیەدا ئەنجام نەدرێن و   بكەرانیشی بە سزای خۆیان بگەن".

گوتیشی، "لیژنەكە لە هەریەك لە وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سكرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران، راوێژكاری كوردانی ئێزدی لە بواری یاسایی و بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان".


KDP.INFO

هەواڵی پەیوەندیدار