کاندیدانی تواناسازی لە بەردەم هەڕەشەی دەرکردندان.. داوا دەکەن بەهانایانەوە بچن

هەولێر-KDP.info- سێسەدونۆ كاندیدی تواناسازی بۆ ده‌ستەبه‌ركردنی مافه داراییه‌كانیان، کە وەک خۆیان دەڵێن بە هۆی پشتگوێخستنیانەوە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە، بە پێنەدان و دواکەوتنی مافە داراییەکانیان، دووچاری گرفتگەلێک بوونەتەوە کە خستوونیەتە دۆخێکی نالەبار و نائاساییەوە و هەڕەشەی دەرکردنیان بەسەرەوەیە.
لەو نامەیەدا کە وێنەیەکی بۆ KDP.infoنێردراوە و واژۆی 309 کاندیدی تواناسازی بەسەرەوەیە و زۆرینەیان لە بەریتانیان، داوا لە هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن، چارەیەک لەو دۆخە نەخوازراوەیان بکەن، له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوو مافە داراییەکانیان خەرج بکرێت، تا بتوانن دوور له هه‌ره‌شه‌ی ده‌ركردن و دوورخستنه‌وه‌یان له كۆرسی خوێندن و بە ئارامی و دوور لە کێشە درێژە بە خوێندنیان بدەن.
دەقی یادداشتی 309کاندیدی تواناسازی:
بۆ/ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان
وه‌زیری خویندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
لێژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی كوردستان
(کێشەی دابینكردنی مافە داراییەکانی كاندیدانی تواناسازی)
پاش سەرهەڵدانی ئەو بارودۆخە نالەبارەی یەخەی کوردستانی گرت، كاندیدانی تواناسازی هەستان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆیان و ڕۆڵی بەرچاویان بینی لە ئه‌نجامدان و به‌شداری كردن له چه‌ندین چالاکیی جۆراوجۆر بۆ پشتگیریی کوردستان لەو وڵاتانەی کە درێژە بە خوێندنیان دەدەن، هەروەها به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا ئێمەی كاندیدان بێدەنگیمان هەڵبژارد به‌رامبه‌ر نەدان و دواکەتنی مافە داراییەکانمان.
بەڵام بەداخەوە وادیارە بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا یان ئه‌وه‌تا ئه‌و ژماره زۆره‌ی كاندیدانی تواناسازییان بیر چووە كه له ژماره‌یه‌كی زۆری وڵاتان بوونیان هه‌یه و به‌رده‌وامن له خوێندن، یا بێدەنگیی كاندیدانیان قۆستۆتەوە بۆ نەدان و دواکەوتنی مافە داراییەکانمان.
بەهۆی دواکەوتنی مافە داراییەکانمان ئێمەی كاندیدانی تواناسازی ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر نالەبار و نائاساییداین، تەنانەت نازانین بیر لە خوێندن بکەینەوە یا بیر لە چۆنیەتیی دابینکردن و قەرزکردنی پارە بکەینەوە!
به كورتی ئاماژه به هەندێ لەو کێشانە دەکەین کە بەرەو ڕوومان بۆتەوە بەهۆی نەدان و دواکەوتنی مافە داراییەکانمان سه‌ره‌ڕای دووریمان له كوردستان:
1- زانکۆکان باکیان نییە بە بارودۆخی کوردستان و داوای پارەی زانکۆ لە کاتی خۆیدا ئەکەن، ئەمە وایکردووە چەندەها كاندید بەرەوڕووی دەرکردن ببنەوە و داوایان لێکراوە خوێندنەکەیان بە جێ بهێڵن.
2- بێبەشبوونی بەشێكی كاندیدان لە خزمەتگوزارییەکانی زانکۆ و وه‌ك وەستاندنی ئیمەیڵی زانکۆ و وەستاندنی چوونەژورەوەی کتێبخانە و چەندەها کێشەی تر بە هۆی نەدانی پارەی زانکۆ.
3- هەڕەشەی دەرکردنی هەندێ كاندید لەو خانووانه‌ی کە بەکرێیان گرتوون لەلایەن خاوەنەکەیەوە به هۆی بێتوانایی كاندید له دانی كرێ له كاتی خۆی.
4- کێشەی بانکی، بەهۆی نەبوونی پارەی تەواو لە حیسابی بانکی بۆ پێدانی كرێی خوێندن و پێداویستییه‌كانی تر، هەندێ كاندید تووشی کێشەی بانکی بوونەتەوە و هەڕەشەی وەستانی حیسابی بانکیان لێکراوە.
5- کێشەی دابینکردنی پارەی بژێوی ژیان، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری كاندایدان خێزاندارن و منداڵیان هەیە، هەروەها بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە، بژێویی ژیانیان لە بارودۆخێكی خراپ و سەختدایە.
ئەم کێشانە و چەندەها کێشەی تر بوونەتە هۆی بێزاربوونی ته‌واوی كاندیدان لە پشتگوێخستنیان له‌لایه‌ن وەزارەتی خوێندنی باڵا و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌رامبه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی مافە داراییەکانی كاندیدانی تواناسازی. بۆیه وه‌ك لایه‌نیكی گریبه‌سته‌كه به مافی خۆمانی ده‌زانین كه داواكار و داكۆكیكاری مافه‌كانی خۆمان بین و به دواداچوونی بۆ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رده‌وام بین له خوێندن، هه‌روه‌ك چۆن وه‌زاره‌تیش مافی خۆیه‌تی له سه‌ركه‌وتن و قۆناغه‌كانی خوێندنمان ئاگادار بێت و به‌دواداچوونی بۆ بكات.
بۆیه ئێمەی كاندیدانی تواناسازی کە واژومان کردووە لە خوارەوە، بڕیارمان دا کە چیدی بێدەنگ نەبین به‌رامبه‌ر ئەو پشتگوێخستن و نادادپەروەرییەی کە دژمان دەکرێت، هەروەها داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لایه‌نه په‌یوه‌ندی داره‌كان له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوو مافە داراییەکانمان سەرف بکات، تا بتوانین دوور بین له هه‌ره‌شه‌ی ده‌ركردن و دوورخستنه‌وه‌مان له كۆرسی خوێندن و بە ئارامی و دوور لە کێشە درێژە بە خوێندنمان بدەین و بە سەرکەوتویی بگەڕێینەوە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی پێشکەوتووتر.
له كۆتاییدا داواكارین له به‌رێزتان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و به زووترین كات به‌ده‌م داواكه‌مانه‌وه بێن و راسته‌وخۆ ئاگاداری بارودۆخی كاندیده‌كان بن و چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌یه بكه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه هه ربه‌ر ئه‌نجامێكی نه‌خوازراو روو له كاندیدانی تواناسازی بكات (بۆ نموونه له‌ده‌ستدانی خوێندن و نوێنه‌كردنه‌وه‌ی فیزا و ده‌ركردن له وڵات) ئه‌وا خودی كاندید به‌رپرسیار نابێت لێی.
لەگەڵ ڕێزماندا
داواكاران/كاندیدانی تواناسازی
13-10-2014
تێبینی/ لیستێکی هاوپێچ کە واژۆی 309 كاندیدی تواناسازی بۆ ده‌ستەبه‌ركردنی مافه داراییه‌كانیان بەسەرەوەیە لایKDP.info پارێزراوە.




