٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌مه‌ریكا و دۆستانی، له‌ هاوكاریكردنی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری ڕاوێژكاری ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌مه‌ریكا، پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق، بارودۆخی ئێستای ئه‌منی، پێكهێنانی حكوومه‌تی تازه‌ی عیراق و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكوومه‌ته‌كه‌دا، خستە بەر باس.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2014، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، پێشوازی‌ له‌  جێگری ڕاوێژكاری ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌مه‌ریكا(تۆنی بلینكن) و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق، بارودۆخی ئێستای ئه‌منی، پێكهێنانی حكوومه‌تی تازه‌ی عیراق و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكوومه‌ته‌كه‌دا، كه‌ له‌ لایه‌ن شاندی ئه‌مه‌ریكاییه‌وه‌ به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا و وه‌ك هۆكارێك بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردن و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراقیان له‌ قه‌ڵه‌م درا، تاوتوو كران، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستخۆشییان له‌ هه‌رێم و ئه‌و وه‌زیره‌ به‌ڕێزانه‌ كرد كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بۆ حكوومه‌تی به‌ڕێز عه‌بادی ده‌ستنیشان كراون.

باری ئه‌منی و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆرستانی داعش له‌سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی عیراق و پێویستیی هه‌وڵدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ داڕشتنی پلانێكی تۆكمه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان كه‌ پێویسه‌ له‌ لایه‌ن خودی عیراقییه‌كانه‌وه‌ و به‌ هاوكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بكرێت، هه‌روه‌ها به‌شداریی زیاتری لایه‌نه‌ سوننییه‌كان و هێزه‌ عه‌شایه‌ره‌كانی ناوچه‌ جیاجیاكانی عیراق بۆ وه‌ده‌رنانی تیرۆرستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان، خرایه‌ به‌ر باس.

شانده‌كه‌ ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و خۆڕاگرییه‌ی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا نواندوویانه‌ و به‌شێكی زۆریان له‌و ناوچانه‌ ئازاد كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ كۆنترۆل كرابوون، هه‌وڵه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سه‌ركردایه‌تیی مه‌یدانیشیان به‌رز نرخاند و ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ خۆیان زۆرێك له‌و ناوچانه‌یان به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌شیان ڕوون كرده‌وه‌ كاتێك‌ هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی تیرۆرستان بووه‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا بێ هیچ دوودڵییه‌ك به‌ هانایه‌وه‌ هات و هاوكاری كرد و جه‌ختیان‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی له‌ پێشكه‌شكردنی ئه‌و هاوكارییانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باسیان له‌ هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ به‌و توانا كه‌مانه‌ی هه‌یه‌تی، به‌ سه‌دانهه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ری له‌ ئامێز گرتووه‌ و داڵده‌ی داون و ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان جێگیر بوون، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌ میانی دیداریان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا، زۆر به‌ ڕوونی هه‌ستیان به‌و پێزانینه‌ كردووه‌ كه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌یانه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشییان له‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ زۆر به‌ ڕێكوپێكی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ بوونه‌ته‌وه‌.

باسكردن له‌ مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كانی عیراق و سووریا به‌ گشتی و كۆبانێ به‌ تایبه‌تی به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو و تیایدا ڕوونیان‌ كرده‌وه‌ كه‌ بنكه‌ و مۆڵگه‌كانی داعش له‌ ده‌وروبه‌ری داعش بۆمباران ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن، زۆر به‌ نیگه‌رانیشه‌وه‌ سه‌یری بارودۆخه‌كه‌ و ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و به‌غدا به‌ تایبه‌تی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ حكوومه‌تی فیدرالی عیراق زیاتر بێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ تایبه‌تی پرسی بودجه‌ و مووچه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ (نێچیرڤان بارزانی)، وێڕای به‌خێرهێنان، سوپاسی سه‌ردانی شانده‌كه‌ و ئه‌و تێبینی و تێڕوانینانه‌ی كرد كه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پێزانینه‌ی بۆ پێشمه‌رگه‌ هه‌یانبوو، هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێشكه‌ش به‌ خۆیان و (سه‌رۆك ئۆباما) و ئه‌مه‌ریكا كرد كه‌ به‌ هانای خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هاتوون و له‌ كاتی پێویستدا دۆستانی خۆیان جێ نه‌هێشت.

سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق به‌شێكه‌ له‌ نه‌هێشتنی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی جددی به‌شداری له‌ حكوومه‌تی تازه‌ی عیراقدا ده‌كات و هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌دات تاكوو سه‌ركه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی وڵات له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رباز ببێت و هێزی دڕنده‌ی داعش له‌ناو بچێت، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن. هه‌روه‌ها داوای كرد له‌پێناو چاره‌سه‌رێكی گونجاودا، ئه‌مه‌ریكا پشتگیری له‌ دیالۆگی نێوان هه‌ردوولا بكات.

له‌ كۆتاییی دیداره‌كه‌دا و ده‌رباره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌، چه‌ندین بیروڕا ئاڵوگۆڕ كران و ( نێچیرڤان بارزانی) داوای كرد هاوكاریی زیاتری هه‌رێمی كوردستان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كاریگه‌رانه‌تر ڕووبه‌ڕووی تیرۆریستان ببێته‌وه‌.
 

هەواڵی پەیوەندیدار