یەكەم كاروانی ئاوارەكانی كۆبانی گەییشتنە هەولێر

هەولێر-KDP.info- پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یەكەم كاروانی ئاوارەكانی كۆبانی گەییشتوونەتە هەولێر و بڕیاریشە تا چەند رۆژی داهاتوو زیاتر لە 100هەزار ئاوارە بگەنە هەرێمی كوردستان.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر (هەمزە حامد)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ كاروانێكی ئاوارەكانی كۆبانی گەییشتنە هەولێر كە ژمارەیان 200 خێزان بوو و لە كەمپی كەورگۆسك نیشتەجێ كراون، هەروەها پێداویستییەكانیشیان بۆ دابین كراوە و ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر سەردانی كردن و بەڵێنی پێ دان كە هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین بكەن.
(هەمزە) ڕوونیشی كردەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر لە 100هەزار ئاوارەی كۆبانی بگەنە شاری هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیارە كەمپەكانی قوشتەپە، باسرمە، بەحركە و دارەشەكران فراوان بكرێن بۆ ئەوەی شوێنی ئەو ئاوارانەیان تێدا ببێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بە ڕووی ئاوارەكانی كۆبانیدا كرایەوە و لەو رۆژەیشەوە تاوەكو ئێستا بە بەردەوامی ئاوارەكان لە رێی وڵاتی توركیاوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
بڵند ئیبراهیم




